هانا: بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، شارەداری مەریوان ٤ مانگە هەقدەستی کرێکارانی شارەوانی نەداوە.
نەدانی هەقدەستی کرێکارانی شارەوانی لە ماوەی ٤ مانگدا واتە لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ـەوە لە حاڵێکدایە کە هەڵاوسانی ئابووری و گرانی گەیشتووەتە بەرزتری ئاستی خۆی لە مێژووی چەندین دەیەی ئێراندا و خەڵکی هەژار بەتایبەت چینی کرێکار لە بارودۆخێکی زۆر نالەباری ژیاندان.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامیش واژۆی کردووە، دەسەڵات و حکومەتی وڵاتەکان بۆ دابین کردنی ژیانێکی ئابڕۆمەندانە بۆ شارۆمەندان دەکاتە بەرپرس و تەنانەت لە کاتی بێکاری شارۆمەنداندا دەیکاتە ئەرک لە سەر شانی حکومەتەکان بیمەی بێکاری بۆ کرێکاران یا خەڵکی هەژار و نەداری کۆمەڵگا دابین بکا.
جێگای خۆیەتی لەم پێوەندییەدا ئاماژە بە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین و لێرەدا لە خوارەوە وەک خۆی دەنووسینەوە:
بەندی ٢٥:
خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.
