بۆکان: بریندار بوونی دوو کرێکار بە هۆی رووداوی کارەوە 

هانا: رۆژی سێشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٢٠ی ژولای ٢٠٢١)، کرێکارێکی کارەباچی لە بۆکان بە هۆی کەوتنەخوار لە سەر داربەست و قەرەچێوە بریندار بووە. 

تێلێگرامی "بۆکان پریس" لەمبارەوە رایگەیاندووە، لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئەمە دوویەمین رووداوی هاوشێوەیە لە بۆکان رووبدا کە هەرکیان لە سەر داربەستەوە بەربوونەوە. 

تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە ریکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندەی بۆ نەهاتووە. 

هەرەوەها لە راپۆرتەکانی هانادا پێشتر بڵاوکرابۆوە، رۆژی دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ کرێکارێکی خەڵکی سنە بە ناوی عەلی محەممەدی تەمەن ٤٥ ساڵ بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەک بریندار بوو. 

پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.   
 

RELATED ARTICLES

Most Popular