هانا: شارۆمەندێکی کوردی بە ناوی “شێرکۆ محەممەدپوور” خەڵکی ئاوایی “بێوران” لە ناوچەی سەردەشت بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوو و ئەندامێکی لەشی لەدەستدا.
ئەم شارۆمەندە کوردە لە کاتی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات مینێک لە بن پێیدا دەتەقێتەوە و تووشی ئەم رووداوە دەبێ.
ناوبراو بۆ چارەسەری برینەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی سەردەشت کراوە.
جێگای ئاماژەیە، سپای پاسداران، ناوەندە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بەردەوام خەریکی چاندنی مینن لە ناوچە سنوورییەکان و جگە لەوەش لانیکەم ٤٢٠٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە لە خاکی ئێران مین ڕێژ کراوە کە زۆربەی ئەم خاکە مین ڕێژ کراوانە دەکەوێتە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانی ئێران. بەشێک لەو منیانە هی سەردەمی جەنگی ئێران و عێڕاقە هەڵنەگیراونەوە و بەشێکی دیکەش لە دژی حزب و هێزە کوردییەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە چێندراوەن. حکومەتی ئیسلامی ئێران بە پێچەوانەی یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە نەناوە و هەر لەبەر ئەوە ناوە ناوە و هەر جارەی لە ناوچەیەکی کوردستان تەقینەوەی مین کارەساتی دڵتەزێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە.
بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆن و یاسا نێونەتەوەییەکان حکومەتی ئیسلامی ئێران وەکو حکومەتی هەموو وڵاتان بەرپرسە لە پارێزگاری لە ئەمنییەتی گیان و ژیانی هاووڵاتیان. بەڵام حکومەتی ئێران بە خۆپاراستن و واژۆ نەکردنی پەیمانی "ئۆتاوا" خۆی لە هەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان دەبوێرێ و تەنانەت ئامادە نییە مەیدان و ناوچە مین رێژکراوەکان دیاری و نیشانە بکا کە ئەمە دەتوانێ گیانی شارۆمەندان تا رادەیەک رزگار بکات. هەروەها دانی زانیاری بە خەڵکی ناوچە مین رێژکراوەکان سەبارەت بە مەیدانەکانی مین و مەترسی مین ئەرکی سەر شانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانە وەک دەسەڵاتی ئەم وڵاتە بەڵام ئەم کارەش هەر ناکا.
