هانا: رۆژی هەینی ٣١ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢١ی مەی ٢٠٢١)، تەرمی شارۆمەندێکی کورد لە ئامستردام پێتەختی هۆلەند دۆزرایەوە و پۆلیس هۆکاری مەرگی ئەو لاوەی خۆکوژی راگەیاندووە.
"ئازاد حەسەنی" تەمن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار و ئەندامی کۆڵگای LJBT، ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە راگەیەندراوە.
ناوبراو ٣ ساڵ لەوە پێش لە تورکیە پەنابەر بووە و دوای ٢ ساڵ مانەوەی لەوێ بە یارمەتی UN کۆچی کردووە بۆ وڵاتی هولەند.
شایانی باسە بارودۆخی نالەباری ئابووری، کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، بێ مافی، بێ بەشی و هەڵاواردن، بووەتە هۆی پەرەسەندنی دیاردەی کۆچی بە ناچاری شارۆمەندان لە زێد و وڵاتی خۆیان. لە وڵاتانی دیکەش پەنابەرانی کورد لەگەڵ گیروگرفتی تر بەرەوروو دەبنەوە و کاریگەری دەروونی لە سەریان دادەنێ و بەشێکیان پەنا دەبەنە بەر خۆکوژی. ئەم دیاردەیەش هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد لەو کێشە و گرفتانەوە هەڵدەقوڵێ و بەداخەوە بەشێک لە مرۆڤەکان بەرگەی ئەم تەنگوچەڵەمانەی ژیان ناگرن و بۆ دەرچوون و هەڵاتن لە ژێر باری هەموو گرفتەکان پەنا دەبەنە بەر خۆکۆژی.
