درێژەی جمۆجۆڵی سەلەفییەکان لە مەریوان، سنە و کرماشان 

رۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢٣ی مەی ٢٠٢١) سەلەفییەکان لە مەریوان بە چەقو و شمشیر هەڵیانکوتاوەتە سەر شارۆمەندێک بە ناوی “ئیدریس” کوڕی “فایەق” و لە ئاکامدا بە توندی بریندار بووە. 

هەروەها لە سنەش سەلەفییەکان لە گەڕەکی حاجیاوا، بە مەبەستی ئازار دانی خەڵک و پێکهێنانی کەشی ترس و سام، هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک. لاوانی ئەم گەڕەکە لێبراوانە و توند وەڵامی ئەم کردەوەیەی سەلەفییەکانیان داوەتەوە و لە ئاکامدا سەلەفییەکان لەو گەڕەکە هەڵاتوون. 
هەروەها هاوکارانی هانا لە کرماشانەوە ئاگاداریان کردین ئێوارەی هەینی ٣١ی گوڵانی ١٤٠٠ – ٢١ی مەی ٢٠٢١، تاقمێک سەلەفی لە گەڕەکی دەوڵەتاوای کرماشان پەلاماریان داوەتە خەڵک و لە ئاکامی تێکهەڵچوونی سەلەفییەکان و خەڵکدا، کەسێکی سەلەفی و شارۆمەندێک بریندار بوون. بەپێی ئەم راپۆرتە ئەمە یەکم جار نییە سەلەفییەکان لەو گەڕەکە و باقی گەڕەکەکانیش خەڵک ئازار و ئەزیەت دەدەن و بوونە مایەی بێزاریی شارۆمەندان. 

حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ماوەی ئەم ٤٢ ساڵەدا نەیتوانیوە بە زەبر و زۆری هێزەکانی بیروباوەڕەکانی خۆی بە سەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنێ و بەشێک لە ماف و ئازادی کولتوری و تاک و کۆمەڵگای کوردی کە گەلی کورد بە قوربانیدان پاراستوویانە زەوت بکات. ئێستا لە ناو خەڵکی کوردا خەریکی دروست کردنی هاوچەشنی خۆی و تالیبان و داعشە و دەیەوێ لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا و لە نێوان شارۆمەندانی کورددا ئاژاوە بنێتەوە. 
جموجۆڵی سەلەفییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستان بە مەبەستی دروست کردنی ترس و سام، بووەتە هۆی پێکهێنانی کەشی نائەمن و نیگەرانی لە نێو خەڵکدا. ئەوە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە، پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانە. کەچی حکومەت لە ئاست جموجۆڵ و هەڵسووڕانی سەلەفییەکان بێدەنگە و پێشیان پێ ناگرێ. ئەمەش ناڕاستەوخۆ پشتگیری و لایەنگرییە لە گورووپە سەلەفییەکان و شەریک بوونی حکومەتە لە خوڵقانی ئەم کەشە نائەمنە بۆ شارۆمەندان. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular