هانا: بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، سەرەڕای تێپەڕ بوونی مانگێک لە دەستبەسەر کرانی “مەرزییە مرادوەیسی”، “مەهدی سەیفی” و “فەردین رەحیمی” لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە، هێشتاش هیچ هەواڵێک لە چارەنووسی ئەم شارۆمەندانە لەبەردەستدا نییە.
ئەم ٣ شارۆمەندە کوردە لە رۆژی شەممەوە رێکەوتی ٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢١ – ٤ی گوڵانی ١٤٠٠، لە سنە وێڕای دوو شارۆمەندی دیکە بە ناوەکانی "سیروان عەبدوڵڵاهی" و "عەتا رەزا روبابی" دەستبەسەر کران و دوای ماویەک دەستبەسەری "سیروان عەبدوڵڵاهی" و "عەتا رەزا روبابی" رۆژی شەممە ١٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – ٨ی مەی ٢٠٢١، بە دانانی بارمتە بە شیوەی کاتی ئازاد بوون.
لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممەی حەوتووی رابردوو ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – ١٧ی مەی ٢٠٢١، پێنج چالاکی مەدەنی لەلاین ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. ناوی ئەم پێنج چالاکە مەدەنییە بەم جۆرەی خوارەوەیە:
1. موحسین حسێن پەناهی
2. کەیوان ئەلیاسی
3. مورتەزا محەممەدی
4. قانع خاتری
5. رەزا رەزایی
بەم جۆرە ئەو ٨ چالاکە مەدەنییەی کە دوای مانگێک لە دەستبەسەری و بێسەروشوێنی هێشتاش چارەنووسیان نادیارە ناوەکانیان بریتییە لە:
1. موحسین حسێن پەناهی
2. کەیوان ئەلیاسی
3. مورتەزا محەممەدی
4. قانع خاتری
5. رەزا رەزایی
6. مەرزییە مرادوەیسی
7. مەهدی سەیفی
8. فەردین رەحیمی
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.
جێگای ئاماژەیە بەندەکانی ٣، ٩، ١٩ و ٢٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئاوا دەڵی:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
