پەنگاوی “هەشێڵان” لە کرماشان یەکێک لە گەورەترین پۆنگاوەکانی ئەم پارێزگایەیە و ئێستا بە هۆی پێڕانەگەیشتن و گرنگی نەدان لە مەترسی وشک بوون و لە ناوچووندایە.
وشک بوونی دەریاچە، گۆل و پەنگاوەکانی کوردستان بۆ وێنەی پەنگاوی "هەشێڵان" لە هەلومەرجێکدایە کە حکومەتی ئێران ئاوی ئەم ناوچانە بۆ باقی شوێنەکانی ئێران دەگوێزێتەوە و تەنانەت رێڕەوی رووبار و چۆماوەکانیش بەڕەو ناوچەکانی دەرەوەی پارێزگاکانی کوردستان دەگۆڕێ و هەر چوار پارێزگاکەی کوردستانیش لەگەڵ مەترسی کەمبوونی ئاو بەرەوروون. لەلایەکی دیکەوە بە هۆی وشکەساڵی و هەڵکەندی چاڵی نایاسایی لە دەوروبەر و بەستێنی ئەو ئاوانەی دەڕژێنە ناو پەنگاوەکەوە و رژانی ئاوەڕۆکانیش زیانی زۆری لە پەنگاوی "هەشێڵان" داوە.
پەنگاوی هەشێڵان لە ئاوایی "هەشێڵان" لە ناوەندی پارێزگای کرماشان هەڵکەوتووە.
پەنگاوی هەشێڵان" لە رێگای کرماشان بۆ رەوانسەر و لە ٢٦ کیلۆمیتری باکووری رۆژاوای کرماشان و لە ناوچەی "ئەلهەیار خانی"یە و پانایییەکەی نزیکە ٤٥٠ کیلۆمیتری چوارگۆشەیە و دەشتێکی پان و بەرینی داگرتووە و لە داوێن کێوەکانی "خوڕێن" و "وەیس" هەڵکەوتووە.
