بانە: بریندار بوونی دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران  

هانا: رۆژی دووشەممە ٢٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٧ی مەی ٢٠٢١)، دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی “بانە” لە سەر سنوور بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بوون. 

ناسنامەی ئەم دوو کۆڵبەرە "یوسف ئەمینی" خەڵکی ئاوایی "نەنۆڕ" سەر بە ناوچەی بانە و "عەبدوڵڵا" تەمەن ٥٠ ساڵ خەڵکی بانە راگەیەندراوە.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوە و دەنگدانێک لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە کەوتوونە بەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا ئەم دوو کۆڵبەرە بە تووندی بریندار بوون. 
جێگای ئاماژەیە ئەم دوو کۆڵبەرە بریندارە بۆ چارەسەری برینەکانیان رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی بانە کراون.

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular