هانا: رۆژی هەینی ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٤ی مەی ٢٠٢١)، ژمارەیەک لە سەلەفییەکانی سەقز هێرشیان کردە سەر خەڵک و پێنج کەسیان لە شارۆمەندانی ئەم شارە بریندار کرد.
ناسنامەی بریندارەکان بەم جۆرە راگەیەندراوە: هاوڕێ مالکی، شاهرووز کوهزاد، سەلمان نەقشبەندی، مێهرداد کەریمی. ئەم شارۆمەندانە دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە کراون، لەلاین بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەوە بێرێزییان پێ کراوە و لە بەشی نەخۆشینەکانی کۆڕۆنا خستوویانن.
هێرشی سەلەفییەکان بۆ خەڵکی دارسەیران لە مەریوان و بۆ سەر خەڵک لە کرماشان لە رۆژەکانی رابردوودا و پێشتریش لە سەلاسی باوەجانی، جوانڕۆ و سەقز نموونەیەک لەو نائەمنییانەیە گورووپە سەلەفییەکان خوڵقاندوویانە.
جموجۆڵی سەلەفییەکان لەم ساڵانەی دواییدا لە کوردستان بە مەبەستی دروست کردنی ترس و سام، بووەتە هۆی پێکهێنانی کەشی نائەمن و نیگەرانی لە نێو خەڵکدا. ئەوە لە حاڵێکدایە پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان ئەرکی سەر شانی حکومەتە، کەچی حکومەت لە ئاست جموجۆڵ و هەڵسووڕانی سەلەفییەکان بێدەنگە و پێشیان پێ ناگرێ. ئەمەش ناڕاستەوخۆ پشتگیری و لایەنگرییە لە گورووپە سەلەفییەکان و شەریک بوونی حکومەتە لە خوڵقانی ئەم کەشە نائەمنە بۆ شارۆمەندان.
