بانە: بریندار بوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران 

هانا: رۆژی یەکشەممە ١٩ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٩ی مەی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێک لە بەرزاییەکانی سنووری “نەنۆر” لە ناوچەی بانە بە  تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بریندار بووە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئەنوەر عەزیزیان" خەڵکی بانە راگەیەندراوە. 
شایانی باسە ناوبراوی بە هۆی کاریی بوونی برینەکانی لە نەخۆشخانەی بانە لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular