ئاماری لە سێدارەدراوانی ٣ مانگی یەکەم ساڵی ٢٠٢١ لە پارێزگاکانی کوردستان 

ئەمەی لە خوارە دەیبینن راپۆرتێکی ٣ مانگەیە لە سەر ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ٣ مانگی زستانی ١٣٩٩ یا بە واتەیەکی تر ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ لە سێدارە دراون و بە هەوڵی بەشی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا” ئامادە کراوە. 

ئەم ئامارە کۆکراوەی ئەو راپۆرتانەیە کە لە لایەن هەموو هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی "هانا" لە ناوخۆی کوردستانی ئێرانەوە رەوانە کراوە. هەڵبەت بە دڵنیاییەوە بە هۆی دۆخی داخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی زاڵ بە سەر ئێران و کوردستاندا لەوانەیە ئەمە ئاماری هەموو شارۆمەندانی کوردی لە سێدارەدراو لە خۆ نەگرێ بەڵام تا ئەو جێگایەی کراوە هاوکارانی ئێمە هەوڵیان داوە بۆ تۆمار کردنی راپۆرتی زیاتر. 
چاوخشانێکی کورت: 
هەواڵی پێوەندیدار بە ئاماری لەسێدارەدراوان لە کوردستان لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ کۆی گشتییەکەی ٥ کەسە کە بەم جۆرەی خوارەوەیە: 
بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، لە ٣ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١دا لە سەر یەک ٥ کەس لە سێدارە دراون و رەگەزی هەموویان نێرینەیە و پیاو بوون. 
بە پێی هەر ئەم ئامارە، لە باری دابەشکردنی جوغرافییەوە لە کۆی ئەو ٥ کەسەی لە سێدارە دراون، کەسێکیان لە پارێزگای سنە، کەسێک لە پارێزگای ورمێ و ٣ کەسیش لە پارێزگای کرماشان بوون. 
هەروەها لەوانە کەسێکیان بە تۆمەتی مادە سڕکەرەکان و ٤ کەسەکەی دیکەش بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست لە سیدارەدراون. 
شایانی باسە سەرەڕای دواکاریی زۆربەی کۆڕوکۆمەڵ و رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ لە حکومەتی ئێران بۆ دەستڕاگرتن یا هەڵگرتنی سزای سێدارە، بەڵام بەرپرسانی قەزایی و دادی کۆماری ئیسلامی ئیران گوێیان بەو دواکارییانە نەداوە و هەموو ساڵێ ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوان لە بەندیخانەکانی ئێران سزای سێدارەیان بە سەردا دەسەپێ و ئەم سزایە بۆ بەندکراوانی سیاسیش کەڵکی لێ وەردەگیرێ. 

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular