هانا: بە پێی هەواڵنێری هانا لە کرماشانەوە، ژمارەیەک لە لاوان بە بیروبۆچوونی سەلەفی گەری و جیهادی لە ئاستی شەقام و کۆڵانەکانی شارۆچکەی دەوڵەتئابادی کرماشان لە ژێر ناوی “ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکر” رێ بە شارۆمەندان دەگرن و دەست دەکەن بە ئامۆژگاری و پاشان دەیانخەنە ژێر گوشارەوە و لە کۆتاییدا بە هەڕەشەی کوشتن و لەناوبردن، بوونە هۆی نیگەرانی بنەماڵەکان.
بە پێی هەواڵنێری مافی مرۆڤی هانا لە کرماشانەوە، زۆربەی ئەو کەسانە خۆیان پێشنەی نەرێنی و خراپیان هەیە و ئێستا بە پێکهێنانی گروپی سەلەفی دەستیان داوەتە ترساندن و تۆقاندنی خەڵک.
بە پێی هەر ئەم راپۆرتە، ئەو کەسانە زۆر جار رێگە بە شارۆمەندانی یارسان دەگرن و گوشاریان بۆ دێنن ببنە مسوڵمان و بەم کارەشیان خەڵکیان زیاتر نیگەران کردووە.
جێی ئاماژەیە کرماشان شارێکی فرەچەشن و فرە ئایینی جیاوازە و دانیشتوانی ئەم شارە لە خەڵکی شیعە، سونی، یارسان، کاتولیک، ئۆرتودۆکس، پڕۆتستان، زەردەشتی، بەهایی و خەڵکی بێ باوەڕی دینی پێکهاتووە. خەڵک پێکەوە پێوەندیی باش و دێرێنی دۆستایەتی و خزمایەتییان هەیە و دژی شێواندن و تێکدانی کەشی دۆستایەتی و هێمنایەتی نێوان دانیشتوانی شارەکەن.
هاوکارانی "هانا" لە درێژەی راپۆرتەکەیاندا دەڵێن، دەستێکی شاراوە لە لایەن حکومەتەوە لە پشت پێکهێنانی ئەم جۆرە ئاژاوە و دووبەرەکیانەوە بەدی دەکرێ.