هانا: بە پێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی شەممە ١٦ی رەشەمەی ١٣٩٩ – ٦ی مارسی ٢٠٢١، ئومید کەرەمی زیندانی سیاسی خەڵکی سنە دوای کۆتایی هاتنی ساڵێک سزای داسەپاو بە سەریدا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.
ئومید کەرەمی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی رەزبەری ١٣٩٨ (١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، لە کاتی ناڕەزایەتی خەڵکی سنە بە لەشکرکێشـی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سوریە، دەسبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
ناوبراو رۆژی دووشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٩٨ (١٠ی ژانوییەی ٢٠٢٠)، لە لایەن لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی ٢ی سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ساڵێک بەند کران و ٧٤ قەمچی بە سەردا سەپا.
ئومید کەرەمی ئاخرییەکی رۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ١٣٩٩ بەرامبەر بە ٦ی ژوئەنی ٢٠٢٠، دەسبەسەر و بە مەبەستی بەڕیوەچوونی حوکمەکەی رەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرابوو.