٢شارومەندی کورد پاش ٤٠ رۆژ بێسەروشوێنبوون لە زیندانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا، سەرەنجام بۆ گرتووخانەی “دەریا” هەڵکەوتوو لە شاری ورمێ گواستراونەتەوە.
رۆژی ٣شەممە رێکەوتی ٢٨ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٦ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی، دوو شارومەندی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی "ئیمان عەبدی" و "ئەفشین مامئەحمەدی" بەدوای ٤٠ رۆژ دەستبەسەربوون لە زیندانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ناسراو بە گرتووخانەی "دەریا" گواستراونەتەوە.
شایانی باسە ئەم دوو چالاکی مەدەنییە رێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٩ی هەتاوی بەرامبەر بە ٩ی ژانوییەی ٢٠٢١ی زایینی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا قۆڵبەست و راپێچی شوێنێکی نادیار کران.
تا گەیشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم دوو شارومەندە لەبەردەستدا نییە و چارەنووسیان لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا نادیارە.