٧٤ زەربەی شەلاق بۆ پێشکەشکردنی مۆسیقا

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی حوکمی شەلاق بەسەر پەرەستوو ئەحمەدی، گۆرانیبێژی ئێرانی، و هەشت کەس لە ژەنیاران و ئەندامانی گرووپەکەی دەکات. ئەم دۆسیەیە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کۆنسێرتێک لە ساڵی ٢٠٢٤ دروست بوو، کە تێیدا ئەحمەدی بەبێ حیجابی زۆرەملێ سەرقاڵی پێشکەشکردنی مۆسیقا بووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی پارێزەری پەرەستوو ئەحمەدی، لقی ١٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای قوم حوکمی دەرچووی دژ بە ناوبراو و کەسانی دیکەی ئەم دۆسیەیەی پەسەند کردووەتەوە. هەریەک لەوان بە ٧٤ زەربەی شەلاق، دوو ساڵ قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و دوو ساڵ بێبەشکردن لە چالاکیی هونەری مەحکووم کراون.

ئەگنێس کالامار، سکرتێری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی، شەلاق لێدانی وەک ئەشکەنجە و سزایەکی دڕندانە، نامرۆڤانە و سووکایەتپێکەر لە قەڵەم داوە و داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کردووە لە جێبەجێکردنی ئەم حوکمانە خۆیان بەدوور بگرن. لێبوردنی نێودەوڵەتی هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی جەستەیی، حیجابی زۆرەملێ و تاوانبارکردنی شێوازە ئاشتیخوازانەکانی ئازادیی دەربڕینی کردووە.

سەپاندنی ٧٤ قامچی (شەلاق) لە پەیوەندی لەگەڵ پێشکەشکردنی مۆسیقایەکدا، شێوازێکە لە توندوتیژیی دادوەری کە لە سیستەمە یاسایییە باوەکان و پشتبەستوو بە پێوەرە هاوچەرخەکانی مافی مرۆڤدا هیچ شوێنێکی نییە. وەڵامدانەوەی دەربڕینی هونەری بە سزای جەستەیی، نە پەرچەکردارێکی ئاسایی دادوەری، بەڵکوو دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادیی دەربڕین، ئازادیی چالاکیی هونەری و کەرامەتی مرۆڤ، و لەگەڵ قەدەغەکردنی ڕەهای ئەشکەنجە و سزای دڕندانە، نامرۆڤانە یان سووکایەتیکەر لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا دژبەیەکە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین