بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوای تێپەڕبوونی ۶۵ ڕۆژ بەسەر کوژرانی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، بە دەستی هێزەکانی سوپای پاسداران، تەرمەکەی هێشتا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ئاشکرایان سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکە و هۆکاری ڕادەستنەکردنەوەی نەداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاندووە کە بنەماڵەی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی لەو ماوەیەدا چەندین جار بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووس و وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی ناوەندە جۆراوجۆرەکانیان کردووە. ئەوان سەرەتا بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان لە بۆکان و خۆی و پاشان بۆ سەڵماس و ورمێ ڕەوانە کراون و لە درێژەدا جارێکی دیکە سەردانی داواکاری گشتیی (دادستانی) مەهابادیان کردووەتەوە. داواکاری گشتیی مەهابادیش نامەیەکی ئاراستەی ئیدارەی ئاسایشی گشتی کردووە و داویەتییە دەست بنەماڵەکە.
سەرەڕای ئەم بەدواداچوونانە، بەرپرسانی ئیدارەی ئاسایشی گشتی بنەماڵەکەیان بۆ درێژەی پێڕاگەیشتنەکە ڕەوانەی سوپای پاسداران کردووە. سەردانی بنەماڵەکە بۆ لای سوپاش تا ئێستا بە هیچ وەڵامێکی دیاریکراو سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکە، هۆکاری ڕادەستنەکردنەوەی یان کاتی ڕادەستکردنەوەی نەگەیشتووە.
خۆبواردن لە پێدانی زانیاری بۆ ماوەیەکی زۆر سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکە و بێبەشکردنی بنەماڵەکە لە مافی وەرگرتنەوە و ناشتنی، بێجگە لە کاریگەرییە مرۆیی و دەروونییە قورسەکانی، پرسی مافی بنەماڵە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووس و شوێنی تەرمی کەسوکاریان و ڕێزگرتن لە کەرامەت و شکۆی کۆچکردوو و بنەماڵەکەی دەخاتە روو. بەرپرسانی پێوەندیدار ئەرکدارن زانیاریی ڕوون و باوەڕپێکراو لەبارەی شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکە بدەن و هەر جۆرە بەربەستێک لە ڕادەستکردنەوەیدا دەبێت بنەمای یاسایی دیاریکراو و شیاوی پێداچوونەوەی هەبێت.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەستاودەستکردنی بەردەوامی بنەماڵەکە لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا، بەبێ دیاریکردنی لایەنی بەرپرسیار و بەبێ پێدانی وەڵامێکی کاریگەر، ناتوانێت جێگەی وەڵامدانەوەی یاسایی بگرێتەوە. دوای ۶۵ ڕۆژ، بنەماڵەی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی هێشتا لە سەرەتاییترین زانیارییەکان سەبارەت بە تەرمی کوڕەکەیان بێبەش کراون و هیچ دامەزراوەیەکی بەرپرسیار، بەرپرسیارێتییەکی ڕوون و وەڵامێکی شیاوی هەڵسەنگاندنی لەم بارەیەوە نەداوەتەوە.
