بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، (زەهرا پیردێهقان )ناسراو بە ناوی ڕێکخراوەییی (دیجلە ماکۆ) و (پەروین ڕاسق قزڵباش)، ٣٢ ساڵە و ناسراو بە ناوی ڕێکخراوەییی (ئادار ماکۆ)، لە ئەندامانی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، لە پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاویدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاگەیاندنی کەژار، ئەم دوو ئەندامەی ڕێکخراوەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی ڕێکخراوەیی چووبوونە ورمێ. سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیاندا، لە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستی و چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و بنەماڵەکانیشیان بەهۆی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی منداڵەکانیان ڕووبەڕووی گوشاری هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە ڕەوتی دادوەری و پێڕاگەیاندنی دۆسیەکەیان بڵاو نەکراوەتەوە.
