گواستنەوەی کتوپڕی پێشەوا ئاقاپوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعات

​بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: «پێشەوا ئاقاپوور»، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شارستانی بۆکان، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای نزیکەی دوو مانگ لە دەستبەسەرکردنی، بە شێوەیەکی کتوپڕ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئەو شارە گواستراوەتەوە.

​پێشەوا ئاقاپوور ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی لە بۆکان، هاوڕێ لەگەڵ لێدان و سووکایەتی پێکردن دەستبەسەر کراوە.

​هەروەها باوکی ئەم هاوڵاتییە بەهۆی ئەو لێدانانەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەریکەوتووە، پەراسووی شکاوە. بەپێی زانیارییەکان، ئەم هاوڵاتییە چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعات گواستراوەتەوە و لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا تەنیا یەک پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبووە.

​شایانی باسە کە پێشەوا ئاقاپوور پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکاندا، دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرابوو و خرابووە ژێر ئەشکەنجەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین