بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، مەنسور قادرزادە، یوسف ئەمینی و عەلی شوکری، سێ هاووڵاتی و چالاکی کولتووریی خەڵکی بۆکان، دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئەمنی، بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گواستراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هانا، ئەم سێ هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، دوای چەند هەفتە ڕاگرتن لە گرتووخانەی ئەمنی لە شوێنێکی نادیار، بۆ زیندانی ناوەندیی بۆکان گواستراونەوە. مەنسور قادرزادە دوای ١٩ ڕۆژ، یوسف ئەمینی دوای ١٦ ڕۆژ و عەلی شوکری دوای ١٣ ڕۆژ دەستبەسەری، بۆ ئەم زیندانە گواسراونەتەوە. هەروەها، بۆ ئازادیی کاتی هەر یەکێک لەوان، بڕیاری بارمتەی دوو میلیارد تمەنی دراوە.
لەگەڵ گواستنەوەی ئەم سێ هاووڵاتییە بۆ زیندان، تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەری یان ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان بڵاونەکراوەتەوە. هەروەها، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوان لە ماوەی ڕاگرتنیان لە گرتووخانەی ئەمنی، لە مافی دەستگێشتن بە پارێزەر، پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.
مەنسور قادرزادە، ٤٣ ساڵە، کوڕی ئەحمەد، خەڵکی گوندی قالوێی زیندان سەر بە مەهاباد و دانیشتووی میراوای بۆکان،ڕۆژی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان ،بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا دەستبەسەر کراوە. یوسف ئەمینی، مامۆستای خانەنشینی ٥٠ ساڵەی خەڵکی گوندی عەلیئاوای بۆکان، شەوی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ ماڵەکەی، بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا دەستبەسەر بووە.
عەلی شوکری، چالاکی کولتووریی خەڵکی بۆکانیش، ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ شوێنی کارەکەی، بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا دەستبەسەر و بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوە گواستراوەتەوە بۆ گرتووخانەی ئەمنی لە ورمێ.
بەپێی زانیارییەکان، یوسف ئەمینی پێشتریش ئەزموونی دەستبەسەربوونی هەبووە و لە لە مەراسیمێکی زەماوەند، تەنیا بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردیی هاوڕەنگ لەگەڵ ژمارەیەک لە ئامادەبووان، بە شێوەیەکی سەرەڕویانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.
