بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، مانگرتنی ئەو بەندکراوانەی سزای سێدارەیان لەسەرە لە یەکەی ٢ی زیندانی قزڵحەسار، ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی و دوای شانزە ڕۆژ، لە پاشهاتی قبووڵکردنی بەشێک لە داواکارییەکانیان کۆتایی هات.
لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی بەندکراوان لەگەڵ بەرپرسانی دادوەری و بەندیخانە بڕیار درا کە جێبەجێکردنی سزای سێدارە لەم یەکەیەدا تا کاتی هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕابگیرێت، شەش بەندکراوە گواستراوەکەی ژووری تاکەکەسی بگەڕێندرێنەوە بۆ بەندی گشتی و دۆسیەی تەواوی مەحکوومانی سێدارە لە ماوەی شەش مانگدا پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.
بەندکراوەکان ڕایانگەیاندووە کە کۆتاییهێنان بە مانگرتن بە واتای وازهێنان لە داواکارییەکانیان نییە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنی بەرپرسان دەکەن. ئەم ڕاگرتنە ماهییەتێکی کاتیی هەیە و تا کاتی هەڵوەشاندنەوە یان گۆڕینی حوکمەکان، مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە هێشتا بەردەوامە.
هانا جەخت دەکاتەوە کە ماددەی ٦ی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی ژیانی وەک ئەسڵ ناساندووە و بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە هێشتا سزای سێدارەیان هەڵنەوەشاندووەتەوە، پەنابردن بۆ سزادانی زەوتکردنی ژیان تەنیا بە شێوەیەکی ناوازە و لە سنووردارترین ئاستدا بۆ تاوانە هەرە قورسەکان قبووڵ کراوە؛ تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان کە کوشتنی ئەنقەستیان تێدا نییە، ناکەونە ئەم چوارچێوەیەوە.
هەر بۆیە، دەبێت بەرپرسانی دادوەری جێبەجێکردنی ئەم سزایانە بە شێوەیەکی بنبڕ ڕابگرن و دۆسیەی مەحکوومەکان بە ڕەچاوکردنی تەواوی گەرەنتییەکانی دادرەسیی دادپەروەرانە پێداچوونەوەی بۆ بکەن.
