بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شەوی سێشەممە ٢٣ی پوشپەڕی ١٤٠٥، کۆڵبەرێک بە ناوی زانیار، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی شاری سەردەشت کە ناوی خێزانی هێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە بەرزاییەکانی تەتە لە سنووری هەورامان کوژراوە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە دەستمان گەیشتووە، ئەم کۆڵبەرە نزیک کاتژمێر ٩ تا ١٠ی شەو لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەورامان، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور فیشەک بەر بەشی سەرەوەی جەستەی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری تەقەکردن، بنەمای یاسایی بە کارهێنانی چەک و وردەکاری لە سەر ئەم ڕووداوە لە لایەن دامودەزگا بەرپرسیارەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خەریکی پشتڕاست کردنەوەی سەربەخۆی ڕەهەندەکان و چۆنیەتی ڕوودانی ئەم ڕووداوەیە.
