بە پێی ڕاگەیندراوی هەواڵدەری میزانی سەر به دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای سێدارەی مەحیەدین عەبدوڵڵاهی و حوسێن پاڵانی جاف هەردووکیان خەڵکی شاری کرماشان، جێبەجێ کراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەم دوو بەندکراوەیە بە تۆمەتی بەغی (شەڕی چەکداری لەگەڵ حکومەت) سزای سێدارەیان بە سەردا سەپێندرابوو، میدیای دەسەڵاتی دادوەری ئەوانی بە بەندکراوی ئایینی-عەقیدەتی ناوبردووە.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیاریەکی ڕوون سەبارەت بە کاتی دەستبەسەرکران، پڕۆسەی دادگایی کران، دەستڕاگەیشتیان بە پارێزەر، ئیمکانی بەهرەمەندبوونیان لە بەرگری کاریگەر و باقی گەرەنتییە بنەڕەتیەکانی دادگایی کرانی دادپەروەرانە بڵاو نەکراوەتەوە. نەبوونی ئەم زانیاریانە، هەڵسەنگاندنی سەربەخۆی ڕەچاوکردنی مەرجەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پابەندبوونی پرۆسەی دادگاییکردن بە ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەتی لە حاڵەتەکانی پەیوەست بە سزای لەسێدارەدان، بە شێوەیەکی جددی تێکداوە و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ڕەچاوکردنی مافی ژیان و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ورووژاندووە.
