کوشتنی ژنێک و سێ منداڵ لە دێلۆران

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەشتوونەتە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ژنێک و سێ منداڵ لە گەڕەکی بەعسەت لە شارستانی دێلۆران سەر بە پارێزگای ئیلام،لەلایەن هاوسەر و باوکی خێزانەکەوە بە تەقەی چەکی گەرم کوژران. تۆمەتباری ئەم تاوانە دوای کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەی،بە تەقەکردن لە خۆی، کۆتایی بە ژیانی هێناوە.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هانا ئەنجامدەری ئەم کوشتنە خێزانییە پیاوێکی تەمەن ٥٧ ساڵ بووە بە ناوی محەممەد محەممەدی دوو لە قوربانییەکان،کوڕە دوانە ٩ ساڵانەکانی بوون و قوربانی سێیەمیش منداڵە ١٣ ساڵانەکەی بووە لە هاوسەرگیری یەکەمی.پاڵنەری ئەم تاوانە و ئەو بارودۆخەی کە بووە هۆی ڕوودانی تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە.

ئەم تاوانە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا،ڕاپۆرتی یەک لە دوای یەک لەسەر کوشتنی ژنان و توندوتیژی کوشندە دژی ئەندامانی خێزان لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە.دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە،بەتایبەت دژی ژنان و منداڵان،جارێکی تر نەبوونی پاراستنی یاسایی و میکانیزمی کاریگەر بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی خێزانی دەخاتە ڕوو.کوشتن لە چوارچێوەی خێزاندا ناتوانرێت تەنها وەک ڕووداوێکی تایبەت سەیر بکرێت، پاراستنی گیانی ژنان و منداڵان لە بەرامبەر توندوتیژیدا لە بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییەکانی دامەزراوە یاسایی و پاڵپشتییەکانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین