ڕاپۆڕتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی سی و نۆیەمین ساڵیادی بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت

سەردەشت؛ تاوانێ جەنگیی فەرامۆشکراوو  و   بێ بەشبوونی قوربانییان لەمافی ڕاستەقێنەیان بۆ ، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیان

٧ی پوشپەڕی ١٤٠٥ 

سی و نۆ ساڵ بەسەر بۆمبارانی شیمیایی سەردەشتدا تێپەڕیوە، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم تاوانە هێشتا لە جەستە، دەروون و ژیانی هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارەدا بەردەوامە. سەردەشت تەنیا ناوی شارێک نییە، بەڵکو هێمای   کارەساتێکی گەورە و  هەرە تاڵی بەکارهێنانی چەکی شیمیایی دژی خەڵکانێکی  مەدەنی لە سەردەمی نوێدایە؛ تاوانێک کە نەک تەنیا سەدان خێزانی بۆ هەمیشە خەمبار کرد، بەڵکو هەزاران کەسی ناچار کرد  ژیانێکی پڕ لە ئازار، نەخۆشی و پڕنەهامەتی  هەتاهەتایی بەرنەسەرێ  . پاش تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە، قوربانییانی ئەم کارەساتە هێشتا چاوەڕوانی گەێشتن بە  مافەکانیانن بۆ ڕوونبونەوەی ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیان.

ئێوارەی ٧ی پوشپەڕی١٣٦٦ ، فڕۆکە جەنگیەکانی هێزی ئاسمانی ڕژێمی بەعسی عێراق چەندین بۆمبی پڕ لە گازی خەردەل لەسەر ناوچە پڕحەشیمەتەکانی شاری سەردەشت فڕێدایە خوارەوە. بازاڕ، شەقامە سەرەکییەکان و گەڕەکە نیشتەجێییەکان ئامانجی  ئەم هێرشە بوون. بە لایەنی کەمەوە ١١٠ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٨٠٠٠ کەس بەر ماددە شیمیایەکان کەوتن. بەشێکی بەرچاو لە قوربانییان ژنان، منداڵان، بەساڵاچوان و ئەو کەسانە بوون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چاڵاکییە سەربازییەکانەوە نەبوو.

سەردەشت  یەکەم شاری جیهان بوو  کە دوای جەنگی جیهانی دووەم  بە شێوەیەکی فراوان ئامانجی هێرشی شیمیایی دژی دانیشتووانی مەدەنی بۆوە، هەر بوویە لە بیرەوەری مافی مرۆڤی جیهاندا جێگایی تایبەتی هەیە. زۆرێک لە هاووڵاتییان لە سەرەتایی ڕووداوەکەدا لە سروشتی ماددە شیمیایەکان ئاگادار نەبوون و بۆ یارمەتیدانی برینداران یان گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، چوونە شوێنی تەقینەوەکان؛ هەر ئەوە بوو بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زیاتر ماددە کە  و زیادبوونی ژمارەی قوربانییان . کاریگەریی و ئاسەواری  گازی خەردەل تەنیا تایبەت بە ڕۆژی ڕووداوەکە نەبوو. هەزاران کەس  لە ڕزگاربووان تا ئێستاش لەگەڵ نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سیی، تێکچوونی  چاو، کێشەی پێستی، تێکچوونی سیستەمی بەرگریی لەش، نەزۆکی، شێرپەنجە و زیانی دەروونیی گەورەدا دەژین.

بەرپرسیاری ڕاستەوخۆی ئەم هێرشە ،حکوومەتی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەددام حوسێن بوو . 

لە ساڵەکانی کۆتایی شەڕیی ئێران و عێراق، بەکارهێنانی چەکی شیمیایی بوو بە بەشێک لە سیاسەتی سەربازیی ڕێکخراوی حکوومەتی بەعس. ڕاپۆرتی تیمە شارەزایەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵانی ١٩٨٤، ١٩٨٦ و ١٩٨٧ بە ڕوونی بەکارهێنانی ماددە شیمیایی لە لایەن   عێراقیان پشتڕاست کردووتەوە. دواتریش بەڵگە و دۆکیومێنتە بڵاوکراوەکان و لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان لە ئەورووپا نیشانیاندا کە بەرنامەی چەکی کیمیایی عێراق پشت بە تۆڕێک لە کۆمپانیا و کەسایەتیی دەرەکی بەستبوو بۆ دابینکردنی ماددە سەرەتایی و تەکنەلۆژیای پێویست.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتی، بۆمبارانی شیمیایی سەردەشت پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤایەتی بوو. تەنانەت لە کاتی ڕوودانی هێرشەکەشدا، بەکارهێنانی چەکی شیمیایی بە پێی پرۆتۆکۆلی  ١٩٢٥ی ژنێف  قەدەغە بوو. هەروەها بنەماکانی جیاکردنەوەی ئامانجی سەربازی و مەدەنی،  گونجان و قەدەغەی سەپاندنی ئازاری ناپێویستیش بەشێکە لە یاسای نێودەوڵەتیی ناسراو . هێرشکردن بۆ سەر شارێکی مەدەنی بە چەکێک کە  ناتوانرێت کۆنترووڵ  بکرێت، لەگەڵ هیچ کام لەو ڕێسایانە ناگونجێت.

لە ڕوانگەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، هێرشی شیمیایی بۆ سەردەشت هەموو پێوەرەکانی تاوانی جەنگی تێدایە. هێرشی ئەنقەست بۆ سەر دانیشتووانی مەدەنی، بەکارهێنانی چەکی شیمیایی و بەکارهێنانی شێوازێک  لە جەنگ کە کاریگەرییەکانی کۆنترووڵ ناکرێن تەنیا بۆ ئامانجە سەربازییەکان، هەموویان لە پێوەرە دانپێدانراوەکانی تاوانی جەنگین. جگە لەوەش، بەهۆی ئەوەی ئەم هێرشە بەشێک بوو لە سیاسەتێکی فراوان و ڕێکخراوی حکوومەتی عێراق بۆ بەکارهێنانی چەکی شیمیایی دژی دانیشتووانی مەدەنی لە ئێران و عێراق، لەوانەش هەڵەبجە و ناوچەکانی کوردستان، ئەم کردارە دەتوانێت لە ڕوانگەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بنەماکانی تاوان دژی مرۆڤایەتی هەبێت، هەرچەندە تا ئێستا هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی تایبەت ئەم وەسفەی بۆ هێرشی سەردەشت بەکارنەهێناوە.

ڕەوتی وەڵامدانەوەی یاسایی بۆ ئەم تاوانە هەرگیز لەگەڵ قەبارە و گەورەیی کارەساتەکەدا  نەبووە.  یەکێک لە بەدواداچوونە گرنگەکان، لە هۆڵەند  بۆ   ئەم کارەساتە تایبەت بوو  بە دۆسیەی «فرانس فان ئانرات»   بازرگانی هۆڵەندیی  کە بە تۆمەتی بەشداربوون لە دابینکردنی مادە شیمیایەکان بۆ  بەرنامەی چەکی شیمیایی عێراق  کە  بە تاوانبار ناسێنرا. دادگای هۆڵەند دوای دڵنیابوون لە زانیاری و ئاگاداریی ئەو لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو مادانە، یەکێک لە گرنگترین بنەما دادوەرییەکان لە پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی تاکەکان لە زنجیرەی دابینکردنی چەکی کیمیایی دامه‌زراند. بەڵام ئەم دۆسیەیە تەنیا بەشێکی بچووک لە بەرپرسیارێتییەکانی گرتەوە و هەرگیز نەیتوانی وەڵامی قەرەبووی زیانی گەورەی   قوربانییەکان بداتەوە.

لەگەڵ بەرپرسیارێتی تاوانی تاکەکان، بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیی دەوڵەتی عێراقیش هێشتا بەردەوامە. بە پێی بنەماکانی بەرپرسیارێتی دەوڵەتەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا، دەوڵەتی عێراق وەک جێگرەوەی یاسایی دەوڵەتی پێشوو، پێویستە بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە لەئەستوو بگرێ و هەنگاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانییەکان، دڵنیابوون لە دووبارە نەبوونەوەی، پاراستنی ڕاستیی مێژوویی و وەرگرتنی ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ پشتگیری لە کەسانی گیانبەدەربردوو هەڵبگرێت. بەڵام دوای ڕووخانی حکومەتی سەددام حوسێن، ئەم داواکارییە یاسایییە بە شێوەیەکی هێواش لە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچە و فراوانبوونی پەیوەندییەکان لەنێوان بەغدا و تاراندا کەوتە پەراوێز و هیچ میکانیزمێکی گشتگیر، دوولایەنە یان نێودەوڵەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی قوربانییانی سەردەشت دروست نەکرا.

لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارێتی سەرەکیی حکومەتی بەعسی عێراق نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی ئەرکەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر قوربانییەکان. بە پێی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی ئێران پێویستە مافی قوربانییەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە بەرزترین ئاستی تەندروستی، چارەسەری تایبەت بۆ بەدەست هێنانەوەی تەندرووستی، پشتگیری کۆمەڵایەتی و دەستگەیشتنی کاریگەر بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دابین بکات. ڕاپۆرت و بەڵگەکانی  ساڵانی ڕابردوودا دەرخەری ئەوەن   کە زۆرێک لەو کەسانە  هێشتا لەگەڵ کێشەکانی چارەسەری تەندرووستی، نرخی بەرزی دەرمان، کەمیی ئامراز و ناوەندە تایبەتەکان و سەختیی ژیان ڕووبەڕوون. پشتگیری لە قوربانییانی هێرشی شیمیایی ئەرکێکی بەردەوامە و نابێت تەنیا لە بۆنەی ساڵانە یان کردەوەیی هێمایی دا  یادبکرێتەوە.

قوربانییەکانی سەردەشت تەنیا مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی چارەسەریان نییە، بەڵکوو بە پێی «بنەما و ڕێنماییە بنچینەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە مافی دادخوازی و قەرەبووکردنەوەی زیان بۆ قوربانییەکانی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆڤدۆستانە» کە لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەند کراوە، مافی دەستگەیشتن بە ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانەکانیان هەیە. ئەم مافە بریتییە لە ناساندنی فەرمیی کەمکووڕیەکان، دۆزینەوەی ڕاستی، قەرەبووکردنەوە، بەدەستهێنانەوەی تەندرووستی جەستەیی و دەروونی، گەڕاندنەوەی مافەکان تا ئەو جێگایەی دەکرێت، پاراستنی یادەوەریی مێژوویی و دڵنیابوون لە دووبارە نەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە. بەڵام تا ئێستا بەشێکی زۆری ئەم مافانە بۆ بریندارەکانی سەردەشت جێبەجێ نەکراون.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هانا لە سی و نۆیەمین ساڵیادی بۆمبارانی کیمیایی سەردەشت، یادی هەموو گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتە بەرز و بە ڕێز  ڕا دەگرێت و قووڵترین هاوخەمیی خۆی بۆ بریندارەکان ، بنەماڵەی قوربانییان و خەڵکی سەردەشت دەردەبڕێت. هانا باوەڕی وایە تێپەڕبوونی کات نە بەرپرسیارێتی یاسایی تاوانباران لەناودەبات و نە دەتوانێت مافی قوربانییەکان بۆ گەیشتن بە ڕاستی، دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیان لەناو ببات.

سەردەشت تەنیا بیرخستنەوەی یەکێک لە دڵتەزێنترین تاوانەکانی سەدەی بیستەم نییە؛ بەڵکوو نیشانەی ئازاری بەردەوامی ئەو مرۆڤانەیە کە دوای سی و نۆ ساڵ هێشتا لەگەڵ ئاسەوارەکانی ئەم تاوانە دەژین.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین