ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە لادان و دەرکردنی حوکمی ناسراو بە داماڵینی جلی مەلایەتی دژ بە مامۆستا مەلا عوسمان زاکری لە بۆکان

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاویدا، مامۆستا «مەلا عوسمان زاکری»، پێشنوێژی مزگەوتی گشتیی «عەلی‌ئاوا»ی بۆکان، بەبێ بەڕێوەچوونی دادگایەکی شیاو، بەبێ بڕینی قۆناغە یاساییەکان، بەبێ مافی بەرگری کردن و بەبێ دەرچوونی بڕیار لە لایەن دەسەڵاتێکی دادوەریی سەربەخۆ و بێلایەنەوە، لە پێشنوێژیی ئەم مزگەوتە لادراوە و ڕووبەڕووی حوکمی ناسراو بە «داماڵینی جلی مەلایەتی» بووەتەوە.

​بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، ئەم بڕیارە دوای دۆسیەسازیی دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان و ڕەوانەکردنی بابەتەکە بۆ ناوەندێک بە ناوی «شورای گەورەی ڕۆژاوای وڵات» دەرکراوە. ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ مامۆستا مەلا عوسمان زاکری، «باسنەکردنی بابەتی مردنی خامنەیی لە مزگەوتدا لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا» ڕاگەیەندراوە. تۆمەتێکی لەم شێوەیە، تەنانەت ئەگەر ڕاستیش بێت، نە ناونیشانێکی تاوانکاریی ڕوونی هەیە، نە بنەمایەکی یاسایی باوەڕپێکراو، و نە دەشکرێت ببێتە پاساوێک بۆ بێبەشکردنی کەسایەتییەکی ئاینی لە پێگەی ئاینی، کۆمەڵایەتی و بژێوییەکەی.

​مامۆستا مەلا عوسمان زاکری یەکێک لە مامۆستا خۆشناو، گەلی و جێگەی متمانەکانی بۆکان و ناوچەکانی دەوروبەرییە. ئەو لە ساڵانی ڕابردوودا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بنەماڵە هەژار و کەمداهاتەکان، سندووقێکی خێرخوازیی لە مزگەوتەکەدا دامەزراندبوو کە نزیکەی ٦٠ بنەماڵەی پێویست لە بۆکان و گوندەکانی دەوروبەری دەگرتەوە.

​بەپێی هەمان ڕاپۆرت، دوای لادانی ناوبراو، کەسێک بە ناوی «مەلا ئەیوب ڕەزم» کە لە مەلایانی لایەنگری دەسەڵاتە، وەک پێشنوێژی نوێی مزگەوتی گشتیی عەلی‌ئاوای بۆکان دەستنیشان کراوە. سەرچاوە خۆجێییەکان ڕاپۆرتیان قورداوە کە خەڵکی ناوچەکە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم دەستنیشانکردنە، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ناساندنی پێشنوێژە نوێیەکەدا نەکردووە و تەنیا ژمارەیەک لە لایەنگرانی دەسەڵات لەوێ ئامادە بوون.

​هەروەها ڕاپۆرت کراوە کە مزگەوتی گشتیی عەلی‌ئاوای بۆکان و سندووقی پاڵپشتییەکە کە لە لایەن مامۆستا عوسمان زاکرییەوە دامەزرابوو، خراونەتە ژێر دەستی پێشنوێژە نوێیەکە و ئەو بنەماڵە پێویستانەی لە ژێر چاودێریی ئەم سندووقەدا بوون، لە هاوکارییەکانی پێشوو بێبەش کراون. بۆیە ئەم بڕیارە تەنیا کارێکی کارگێڕی یان ئاینی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی ڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتی و بژێوی بۆ بنەماڵە زیانپێکەوتووەکان هەبووە.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە لادانی مامۆستا مەلا عوسمان زاکری و دەرکردنی حوکمی داماڵینی جلی مەلایەتی، بەبێ دادگاییکردنی یاسایی، بەبێ مافی بەرگری، بەبێ ڕانیەریی ئاشکرا و بەبێ ئەگەری تانە لێدانی کاریگەر، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ئازادیی ئاین و مەزهەب، ئازادیی دەربڕین، ئازادیی ویژدان، و بنەمای یەکسانیی تاکەکانە لە بەردەم یاسا و دادگادا. هیچ کەس نابێت بەهۆی خۆپاراستن لە دەربڕینی هەڵوێستی سیاسیی دڵخوازی دەسەڵات لە مزگەوتدا، ڕووبەڕووی بێبەشکردنی پیشەیی، کۆمەڵایەتی، ئاینی یان بژێوی ببێتەوە.

​لە ڕوانگەی فقهی و ئاینییشەوە بڕیارێکی لەو شێوەیە شەرعییەتی نییه. مامۆستایانی شافیعی‌مەزهەبی کورد لە نەریتی فقهیی خۆیاندا شوێنکەوتووی پێکهاتەی زنجیرەبەستراوی مەلایەتیی شیعە نین و لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی فقهی شافیعیدا دامەزراوەیەکی سەرەوە بە ناوی «دادگای تایبەتی مەلایان» یان ناوەندێکی هاوشێوە بۆ دادگاییکردن، سزادان، لادان یان «داماڵینی جلی مەلایەتی» ئەوان بوونی نییە. پێگەی مامۆستا لە نەریتی ئاینیی کوردستاندا بەندە بە زانستی ئاینی، متمانەی کۆمەڵایەتی، لێهاتوویی زانستی و قبووڵکردنی گشتی، نەک دەستنیشانکردنی ئەمنی و گوێڕایەڵی لە دادگا تایبەتە سیاسییەکان.

​هانا ڕوونی دەکاتەوە کە سزا و ناوەندێکی لەم شێوەیە، جیا لە ناکۆکییە قووڵەکانی لەگەڵ مافی مرۆڤ، لە ڕوانگەی شەرعی و ئاینییشەوە هیچ حیسابێکی بۆ ناکرێت. ئەم کارە نموونەیەکی ڕوونی سیاسییکردنی مزگەوت، ئەمنیکردنی دامەزراوە ئاینییەکان و سزادانی کەسایەتییە سەربەخۆ ئاینییەکانە لە کوردستاندا.

​ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی لادان و دەرکردنی حوکمی داماڵینی جلی مەلایەتی دژ بە مامۆستا مەلا عوسمان زاکری، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم بڕیارە، گەڕاندنەوەی پێگەی ئاینی و کۆمەڵایەتیی ناوبراو، کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی دامەزراوە ئەمنییەکان لە کاروباری مزگەوت و ناوەندە ئاینییەکانی کوردستان، گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی سندووقی پاڵپشتیی مزگەوتەکە بۆ ئەو میکانیزمەی کە خەڵک متمانەی پێیەتی، و گەرەنتییکردنی مافە کۆمەڵایەتی و بژێوییەکانی ئەو بنەماڵانە دەکات کە لە خزمەتگوزارییە پاڵپشتییەکانی ئەم سندووقە سوودمەند بوون.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین