سێ هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار سەرجەم سزای زیاتر لە ٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دەڕەشار لە پارێزگای ئیلام و نیشتەجێی کەرەج، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون، بە سەرجەم ٩ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کران.
ناسنامەی ئەم هاووڵاتییانە «محەممەدئەمین شەمس»، تەمەن ٢٩ ساڵ، «ئەمیر ئەمەرایی»، تەمەن ٢٣ ساڵ، و «کامیار ئەمەرایی»، تەمەن ٢٢ ساڵ، پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم کەسانە لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کران و دوای گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی نادیار، بۆ ماوەیەک لە دەستڕاگەیشتن بە بنەماڵە و پارێزەر بێبەش کران. دوای تێپەڕبوونی ١٤٣ ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیان، هێشتا لە زیندانی قزل‌حەساری کەرەج ڕاگیراون و هەر کامێکیان سزای ٣ ساڵ و مانگێک بەندکرانی تەعزیرییان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان، ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەرییاندا چەندین جار کەوتوونەتە بەر لێدان و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە. هەروەها سەرچاوە ئاگادارەکان باری جەستەیی و دەروونیی ئەوانیان بە نالەبار وەسف کردووە؛ بابەتێک کە نیگەرانیی جیدی لەسەر تەندروستی، ئاسایش و دۆخی ڕاگرتنیان دروست کردووە.
لەم پێوەندییەدا، محەممەدئەمین شەمس ناڕەزایەتی بەرانبەر بە حوکمەکە دەربڕیوە و دۆسیەکەی بۆ پێداچوونەوە لە قۆناغی تەجدیدنەزەردا ڕەوانەی ناوەندی دادوەریی پەیوەندیدار کراوە. سەرەڕای ئەوەش، بێبەشکردنی تۆمەتباران لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو لە قۆناغەکانی دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا، بایەخی پرۆسەی دادبینی و دەرفەتی بەرگریی کاریگەر بە شێوەیەکی بەرچاو دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، گواستنەوە بۆ شوێنێکی نادیار، بێبەشکردن لە پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، بێبەشکردن لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، لێکۆڵینەوە لە ژووری تاکەکەسی و ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە لێدان، نموونەی پێشێلکردنی جیدیی مافە بنەڕەتییەکانی تۆمەتباران و بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە. ئەم جۆرە کردەوانە لەگەڵ بەڵێننامە مافی مرۆیییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەوانەش ئەسڵی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و ڕەفتاری نامرۆڤانە، مافی ئازادی و ئاسایشی کەسی، مافی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە، مافی هەبوونی پارێزەر و مافی بەرگری، دژایەتیی ڕاستەوخۆی هەیە.
هانا هەروەها وەبیر دەهێنێتەوە کە بەکارهێنانی دەستبەسەرکردنی درێژخایەن، گوشاری ئەمنی، بێبەشکردن لە پارێزەر و ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی دژی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، دەبێتە زەمینەساز بۆ دەرچوونی حوکمی قورس کە بایەخی دادبینیی دادپەروەرانەیان نییە. هەر جۆرە حوکمێکی سزایی کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی ژێر گوشار، خراپ مامەڵەکردن، یان پێشێلکردنی مافی بەرگری بێت، لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە فاقدی ڕەوایەتییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر بە دۆخی محەممەدئەمین شەمس، ئەمیر ئەمەرایی و کامیار ئەمەرایی، داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی خێرا، سەربەخۆ و بێلایەنانە دەربارەی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە خراپ مامەڵەکردن، گەرەنتی کردنی دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزەری هەڵبژێردراو و بنەماڵە، و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایی و مرۆیییەکانی ئەم بەندکراوانە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین