ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار بووەتەوە کە ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی گولانی ١٤٠٥، هاووڵاتییەک بە ناوی «فەرنووش» (نازناویی تا ئێستا پشتڕاست نەبووتەوە)، ٣١ ساڵە و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە بێ بەڵگە و بڕیاری دادوەری ،لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئەنجام دراوە.
شایانی باسە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٩ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردن، هێشتا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی راگرتن، دۆخی تەندرووستی، هۆکار و تۆمەتی دەستبەسەرکردن و لایەنی پەیوەندیدار بەردەست نییە.
هەروەها هەواڵگەلێک لەسەر دەستبەسەرکردنی «ئدریس فەقێ»، هاوسەری ئەم هاووڵاتییە، بڵاو بوونەتەوە. بەڵام، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و متمانەپێکراو ئەم هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە و بەدوواداچوونی زیاتر دەکات بۆ ڕاستکردنەوە و دڵنیابوون لە هەواڵەکە .
