ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی خۆی لە پرۆسەی پێڕاگەییشتن و ڕەتکردنەوەی بەشێکی بەرچاو لە داواکارییەکانی پەنابەریی هاووڵاتییانی ئێرانی لە ئەڵمانیا دەربڕیوە. ئەم نیگەرانییە لە بارودۆخێکدا دەردەبڕدرێت کە ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە باوەڕپێکراوەکانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٦دا هێشتا باس لە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەرچوونی سزای سێدارە و گوشار بۆ سەر پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، ژنان و کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران دەکەن.
لە وەها بارودۆخێکدا، هەر کەمکردنەوە یان توندکردنەوەی یاسا و ڕێساکانی پاراستنی نێودەوڵەتی پێویستی بە هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی جیدی هەیە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ئەڵمانیا، ڕێژەی قبوڵکردنی داواکاریی پەنابەریی هاووڵاتییانی ئێران لە ٣٦.٧٪ لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بۆ ٢٦.٨٪ لە ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە. لە مانگە سەرەتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٦دا ئەم ڕێژەیە دووبارە بەرز بووەتەوە و، بەپێی ئامارە بەردەستەکان، تا مانگی ئاوریل گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٪. بەڵام هێشتا بەشێکی گرنگی کەیسەکان بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی پەنابەری کۆتایییان پێ دێت.
هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، ژمارەیەکی زۆر لە کەیسەکان کە دوای ناڕەزایی لە حوکمەکان و پێداچوونەوەکانیان لە دادگاکانی کارگێڕیدا بە قازانجیان کۆتایی هاتووە، ئەم پرسیارە دروست دەکەن کە ئایا هەڵسەنگاندنی مەترسی لە قۆناغی یەکەمدا هەمیشە بە وردی و بە یەک شێواز ئەنجام دەدرێت یان نا.
لە ڕوانگەی هاناوە، کێشەی سەرەکی تەنیا ژمارەی کەیسە ڕەتکراوەکان نییە، بەڵکوو شێوازی هەڵسەنگاندنی مەترسیی ڕاستەقینەی ڕاوەدوونانی سیاسییە لە هەندێک کەیس دا.
پێداچوونەوەکانی ناوەندی حقوقی هانا نیشانی دەدەن کە لە بەشێک لە ڕێوشوێنە کارگێڕییەکانی پێداچوونەوەی داواکاریی پەنابەری لە ئەڵمانیا، بایەخێکی زۆر بە ئاستی ناوبانگ، ناسراوی سیاسی، ژمارەی شوێنکەوتووان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەرکەوتن لە میدیاکان یان پەیوەندی و چالاکیی ڕێکخراوەیی کەسەکە دەدرێت.
ئەم هۆکارانە دەتوانن لە هەڵسەنگاندنی دۆسیەکەدا گرنگ بن، بەڵام نابێت ببنە پێوەرێکی نەنووسراو بۆ ناساندنی کەسێک وەک پەنابەری سیاسی. لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە ئێران، پێوەری سەرەکی دەبێت ئەوە بێت کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی کەسەکە چۆن دەناسن و چ مەترسییەکیان لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ دروست دەبێت.
ڕەنگە کەسێک کەسایەتییەکی ناسراوی سیاسی نەبێت، بەڵام بەهۆی پێشینەی دەستبەسەرکران، چالاکیی سنووردار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان، هاوکاری لەگەڵ ناوەندێکی مافی مرۆڤ، پەیوەندیی بنەماڵەیی لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ناسنامەی نەتەوەیی یان ئایینی، یان پەیوەندیی ڕاستەقینە یان خراوەتەپاڵ لەگەڵ ڕەوتێکی سیاسی، لە کاتی گەڕانەوەدا ڕووبەڕووی مەترسیی جیدی ببێتەوە. سەبارەت بە چالاکانی کورد، بەلووچ و لایەنەکانی تری ژێر گوشار، کۆی ئەم هۆکارانە دەتوانێت مەترسییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
یاسای پەنابەریی ئەڵمانیا و کۆنڤانسیۆنی ژنێف پاراستن تەنیا بۆ کەسە ناسراوەکان یان ڕێبەرە سیاسییەکان سنووردار نەکردووە. بەپێی ماددەی ١٦ی ئەلفی یاسای بنەڕەتیی ئەڵمانیا، کۆنڤانسیۆنی ١٩٥١ی ژنێف، یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا و بنەمای قەدەغەی گەڕاندنەوە (Non-refoulement)، پێوەری سەرەکی بۆ پاراستنی کەسێک هەبوونی مەترسیی ڕاستەقینەی سزادان، ئەشکەنجە یان ڕەفتاری نامرۆڤانەیە لە کاتی گەڕانەوەدا.
تەنانەت ئەگەر حکوومەت بە هەڵە بیروباوەڕێکی سیاسی یان وابەستەیییەک بە کەسێکەوە ببەستێتەوە، هەر ئەم تۆمەتبارکردنە دەتوانێت مەترسیی جیدی بۆ کەسەکە دروست بکات و ببێتە هۆی ئەوەی شایستەی پاراستنی نێودەوڵەتی بێت.
هانا هەروەها هۆشداری دەدات سەبارەت بە توندتر بوونی کەشی سیاسیی ئەڵمانیا بەرانبەر بە کۆچبەری. زیادبوونی نفووزی ڕەوتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان و توندتر بوونی سیاسەتەکانی کۆچبەری، بە تەنیا ناتوانن بسەلمێنن کە ئەم گۆڕانکارییە سیاسییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بڕیارە پەنابەرییەکان هەیە. ئەم بارودۆخە گرنگیی سەربەخۆییی سیستەمی پەنابەری زیاتر دەکات، بۆ ئەوەی بڕیارەکانی پەنابەری لە کاریگەریی ئامانجە سیاسییەکانی کەمکردنەوەی کۆچبەری و زیادکردنی دەرکردن دوور بمێننەوە.
هانا داوا لە بەرپرسانی ئەڵمانیا دەکات کەیسی هاووڵاتییانی ئێرانی لەسەر بنەمای نوێترین زانیارییەکان دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ڕەفتاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵبسەنگێنن. لە یاسای پەنابەریدا، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە کەسەکە لە ڕوانگەی بەرپرسێکی ئەڵمانییەوە تا چەند کەسایەتییەکی گرنگ یان ناسراوە؛ بەڵکوو ئەوەیە کە حکوومەتی ئێران چۆن دەیبینێت و لە کاتی گەڕانەوەدا لەگەڵ چ مەترسییەکی ڕووبەڕوو دەبێتەوە.
