ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار بووەتەوە کە ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادی دەنگی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی قەسری شیرین، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە هەر یەکەیان بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دراون.
سزاکان بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و هاودەستی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆ و دەرەوە» دراون و کۆی گشتی سزای ئەم دوو هاووڵاتییە دەبێتە ١٠ ساڵ زیندان. دانیشتنی لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانیان لە مانگی پووشپەری ئەم ساڵدا لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی قەسری شیرین بەڕێوەچووە.
ئەبولفەزل ڕوستەمی و عیرفان مورادی دەنگی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥، لە پەیوەندی بە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی بەفرانبار ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە قەسری شیرین دەستبەسەر کراون. ئەوان دوای چەند هەفتە دەستبەسەری و تێپەڕاندنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی ڕەوتی دادگایی ئازاد بوون.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەم دوو هاۆوڵاتیە لە ماوەی دەستبەسەربوونیان دا ، لە ژێر فشار و ئازاری جەستەیی و دەروونیی زۆر دابوون.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە تانەلێدانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە سزاکانیان یان ناردنی دۆسیەکەیان بۆ دادگای پێداچوونەوەی دادوەری دا نییە.
