بەردەوامی دەستبەسەری و نادیاری چارەنووسی دوو منداڵ دوای دەستبەسەرکردنیان لە تیکاب و ڕاگوێزانیان بۆ تاران

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، سیامەک مۆفیدی تەمەن ١٧ ساڵ و سروش عینایەتی تەمەن ١٦ ساڵ، دوو منداڵی خەڵکی تیکاب، شەوی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون.

سیامەک مۆفیدی و سروش عینایەتی لە مانگەکانی ڕابردوودا نیشتەجێی تاران بوون و لە کافەیەک خەریکی کارکردن بوون و تا ئێستا دیار نیە دەستبەسەرکردنیان پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە یان نە.

دوای دەستبەسەرکردن ئەم دوو منداڵە سەرەتا بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و دواتر بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ تاران ڕاگوێزراون. شوێنی ڕاگیرانیان لە تاران تا ئێستا نادیارە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوام بنەماڵەکانیان زانیارییەکی ڕوونیان لە سەر بارودۆخی ئەم دوو منداڵە دەست نەکەوتووە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سیامەک و سروش لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی بنەماڵە و دەستگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراون.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەیکە ئەم دوو کەسە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵە، چۆنیەتی دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوە و بارودۆخی ڕاگرتنیان شموولی پشتیوانی تایبەت بە مافی منداڵان دەکات و پێویستە گەرەنتییە یاساییەکانی هاوسان لەگەڵ تەمەنیان لە سەرجەم قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و دادوەریدا لە بەرچاوبگیرێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین