مەولەوی عەبدولعەزیز عومەرزێهی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە له شاری زاهیدان دەستبەسەر کرا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زانیویەتی، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی ، “مەولەوی عەبدولعەزیز عومەرزێهی”، هاووڵاتیی بەلووچ، چالاکی ئایینیی ئەهلوسوننەت و مامۆستای پێشووی دارولعەلوومی مەککیی زاهیدان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری زاهیدان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
مەولەوی عەبدولعەزیز عومەرزێهی پێشتریش لە پاشهاتی ڕووداوەکانی ناسراو بە “هەینیی خوێناوی”ی زاهیدان و لە کاتی ڕاپەڕینی (ژن، ژیان، ئازادی)دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. هەروەها دوای ئەوە لە بەردەوامیی چالاکییە پەروەردەیییەکان و وانەگوتنەوە لە دارولعەلوومی مەککیی زاهیدان بێبەش کرا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کاتی دەستبەسەرکردنی پێشووی ئەم چالاکە ئایینییەدا، بەڵگەنامەکانی ناسنامە لەوانەش پێناسەی خۆی و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە زەوت کرابوون و بنەماڵەکەی لەگەڵ سنووردارکردن لە بواری وەرگرتنی خزمەتگوزارییە کارگێڕی و گشتییەکاندا ڕووبەڕوو ببوونەوە.
شایانی باسە، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم چالاکە ئایینییە لەبەردەستدا نییە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین