بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا،ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥،محەممەد ئەولاد،هاوڵاتی ناڕازی خەڵکی دەڕەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هانا، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بە توندی لێی دراوە و لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییەدا هەردوو قاچی شکاون.تا کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی ورد سەبارەت بە دۆخی جەستەیی و تەندروستیی محەممەد ئەولاد و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.
بێ خەبەری لە چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانی بنەماڵەکەی سەبارەت بە سڵامەتی و پاراستنی گیانی ناوبراو.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قووڵی لە سەر دۆخی جەستەیی و تەندروستی محەممەد ئەولاد دەردەبڕێت و داوا دەکات شوێنی ڕاگرتنی ئاشکرا بکرێت،دەستبەجێ دەستی بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بگات و مافە یاسایی و مرۆییەکانی ڕەچاو بکرێن.
