دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە کە ئومێد بێهزاد و پووریا سەفووەت، بەیانی دووشەممە ١٢ی گەلاوێژی ١٤٠٥، بە تۆمەتی «سیخوڕی و هاوکاریی زانیاری لەگەڵ ئیسرائیل» لە سێدارە دراون. بەرپرسانی دادوەری بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم دوو زیندانییە زانیاری و شوێنی ناوەندە سەربازی و ئەمنیەتییەکانیان داوە بە موساد.
ئەم سزایە لە بارودۆخێکدا جێبەجێ کراوە کە هیچ زانیارییەکی ڕوون دەربارەی کات و شوێنی دەستبەسەرکردن، لقی دادگا، ناوەڕۆکی تۆمەتەکان، بەڵگەکانی سزادان، ناسنامەی پارێزەران و شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە بڵاونەکراوەتەوە. پێش ڕاگەیاندنی جێبەجێکردنی سێدارەکەش، هیچ بڵاوکراوەێکی گشتی دەربارەی دەستبەسەرکردن، دادگایی و سزای دەرچوو بۆ ئەم دوو کەسە دەرنکراوە.
ئومێد بێهزاد و پووریا سەفووەت لە ماوەی دەستبەسەرکردنیاندا لە دەستگەیشتنی کاریگەر بە پارێزەری هەڵبژێردراو، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵە و دەرفەتی بەرگریی ئازادانە بێبەش بوون. دەزگای دادوەری هەروەها ڤیدیۆیەکی بە ناوی «دانپێدانانی تۆمەتباران» بڵاو کردووەتەوە، بەبێ ئەوەی دەرفەتی پشکنینی سەربەخۆی بارودۆخی وەرگرتنی ئەم وتانە یان دەستگەیشتنی گشتی بە بەڵگەکانی دیکەی دۆسیەکە دابین کرابێت. دانپێدانانێک کە بێ بوونی پارێزەر و لەژێر گوشار، هەڕەشە یان ئەشکەنجە وەربگیرێت، لە ڕووی دادوەرییەوە بێبایەخە و ناتوانێت ببێتە بنەمای دەرکردنی سزای سەندنەوەی ژیان.
لە دۆسیە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، مافی بەرگری هەرچەندە لە یاساکانی ناوخۆدا بە فەرمی ناسراوە، بەڵام لە کردەوەدا زۆرجار ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی تێدا نییە. بێبەشکردنی تۆمەتبار لە پارێزەری سەربەخۆ، شاردنەوەی بەڵگەکان، دادگایییەکی شاراوە و جێبەجێکردنی سزا پێش چاودێریی گشتی، دەرفەتی هەر جۆرە بەرگرییەکی کاریگەر لەناودەبات. لە دۆسییەیەکدا کە سزاکەی سێدارەیە، پێشێلکردنی ئەم دڵنیاییانە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی سەندەوەی سەرەڕویانەی مافی ژیان.
بەکارهێنانی سزای سێدارە لە دۆسیە سیاسی و ئەمنیەتییەکاندا تەنیا جێبەجێکردنی سزایەک نییە. ئەم سزایە لە کۆماری ئیسلامیدا بووەتە ئامرازێک بۆ لەناوبردنی تۆمەتبار،جێگیرکردنی دەسەڵاتی حکومەت و دروستکردنی ترس لە کۆمەڵگادا. لە وەها ڕێکارێکدا، پاراستن و مانەوەی دەسەڵات لە مافی ژیان، مافی بەرگری و هەبوونی دادگاییکی دادپەروەرانە گرنگتر دەبێت.
