بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هادی جەماڵیپوور، کارمەندی زانکۆی پەیامی نوور، کە بۆ ماوەی ساڵێک لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە نەدانی مووچەکەی بەدواداچوونی بۆ داواکارییەکانی کردبوو و لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، لەوانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆی کەڵکی وەرگرتبوو، بە بڕیاری سەرپەرشتیاری گشتیی ئیدارەی کاروباری زانکۆی پەیامی نوور لەسەر کارەکەی دوورخرایەوە.
هاوکات، ناوبراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی بیرجەندەوە ڕووبەڕووی تۆمەتگەلێک بووەتەوە لەوانە پڕوپاگەندە دژی نیزام و پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی نەیار (ئیسرائیل).
بەڕێز جەماڵیپوور لە بابەتێکدا کە لە پەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و ئەوانی بە ئەنجامی بەدواداچوونی داواکارییە پیشەییەکان، مافخوازی و دادخوازیی خۆی زانیوە.
