بە پێی زانیارییەکانی هانا، لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی ٢٢ و ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥، چوار شارۆمەندی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی سدیق کەریمی، هادی عەزیزی، شوانە دیوازی و ئومید چاوباز لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون. هانا پێشتر بەجیا هەواڵی دەستبەسەرکرانی شوانە دیوازی بڵاو کردووەتەوە.
سدیق کەریمی، هادی عەزیزی و شوانە دیوازی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی گەلاوێژ دەستبەسەر کراون. لە جەریانی دەستبەسەرکردنی هادی عەزیزی، هێزە ئەمنییەکان ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل، لاپتۆپ و ئۆتۆمبێلەکەیدا گرتووە. سدیق کەریمی و هادی عەزیزی پێشینەی دەستبەسەرکرانیان هەیە.
شوانە دیوازی تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە.
ئومید چاوباز تەمەن ٤٥ ساڵ، خەڵکی ئاوایی حاجی لەکی سەر بە شاری بۆکان، بەرەبەیانی هەینی ٢٣ی گەلاوێژ، لە ماڵەکەی بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراوە.
تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم چوار شارۆمەندە هیچ جۆرە زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.
