دەستبەسەرکرانی خەبات فەدایی هونەرمەندی خەڵکی سەوڵاوا، لە مەریوان

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە دەست رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کەوتووە، خەبات فەدایی هونەرمەندی خەڵکی ئاوایی “بۆریەر”ی سەر بە سەوڵاوا، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە بەردەم شوێنی نیشتەجێ بوونەکەی لە مەریوان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بەکارهێنانی تودنوتیژی ئەو شارۆمەندەیان دەستبەسەر کردووە. تا ئێستا دیار نیە کە خەبات فەدایی دوای دەستبەسەرکردن بۆ کام گرتووخانە یان دەزگای ئەمنی ڕاگوێزراوە.

لە ساتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر بارودۆخی ئەو بڵاو نەکراوەتەوە و وردەکاری لە سەر ئەگەری دەستگەیشتنی بە پارێزەر یان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە بەردەستدا نیە. هەروەها هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم هونەرمەندە نادیارە.

ئەمە یەکەمجار نیە کە خەبات فەدایی دەستبەسەر دەکرێت. ئەو پێشتریش لە رێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران دەستبەسەر کرا و دوای قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرا و دواتر لە رێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

لە دۆسیەی پێشوویدا خەبات فەدایی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی وەرامین، سزای شەش ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا. بە پێی ئەو بڕیارە پێنج ساڵی سزاکە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپەکان و کۆمەڵەکان بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی وڵات و ساڵێکیش بە تۆمەتی چالاکی پڕووپاگەندە لە دژی نیزام، دیاری کراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین