دەردنامەی دەنگی یەعقوب کەریم پوور، دەنگی مرۆڤەک کە کۆماری ئیسلامی بەرلەوەی ژیانی لێ بستێنێت، ئازار، تەنیایی و بێ دەسەڵاتی بەسەریا سەپاند

یەعقوب کەریم‌پوور بە تۆمەتی بێ‌بنەمای «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» لەسێدارە درا؛ مرۆڤێکی کرێچی، بێکار و خاوەن پێداویستیی تایبەت کە لە گێڕانەوە دەنگییەکەی خۆیدا باس لە ئەشکەنجە، بێبەشکردن لە دەرمان، گوشاری جەستەیی و دەروونی و لێپرسینەوە لە هاوسەرەکەی لە ژوورێکی دیکەدا دەکات. ئەم دەنگە، تەنیا گێڕانەوەی بەندکراوێک لە ئازارێکی کەسی نییە؛ بەڵکوو بەڵگەیەکی ته‌زێنه‌ره‌ لە توندوتیژیی حکوومەتێک کە سەرەتا مرۆڤ لە مافی بەرگری، تەندروستی، ئاسایش و کەرامەت بێبەش دەکات و دواتر ناوی ئەم پڕۆسەیە دەنێت «جێبەجێکردنی دادپەروەری».

​کۆماری ئیسلامی ژیانی لە یەعقوب کەریم‌پوور سەندەوە، بەڵام پێش ئەوە، بە ئەشکەنجە، سووکایەتی، بێبەشکردنی دەرمانی و گوشار بۆ سەر بنەماڵەکەی، کەرامەتی مرۆیی ئەوی کردبووە ئامانج. بیستنی ئەم دەنگە ئاسان نییە؛ چونکە لە هەر ڕستەیەکیدا، ئازاری مرۆڤێک دەبینرێت کە لە بەرامبەر دەزگایەکی بێبەزەییدا بە تەنیا مابووەوە.

​هانا بڵاوکردنەوە و بیستنی ئەم گێڕانەوەیە بە بیرهێنانەوەی بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و یاسایی دەزانێت: نابێ ڕێگە بدرێت دەنگی قوربانیانی لەسێدارەدان، ئەشکەنجە و سەرکوت لە بێدەنگیدا بنێژرێت. یەعقوب کەریم‌پوور تەنیا ناوێک لە لیستی لەسێدارەدراواندا نییە؛ ئەو شایەتێکی زیندووە لەسەر ناوەرۆکی دەزگایەک کە بۆ مانەوەی خۆی، ئازاری مرۆڤ، ئەشکەنجەی بنەماڵە و مەرگی بێتاوانان دەکاتە ئامراز.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین