ڕاپۆرتی هانا سەبارەت بە نیگەرانیی بنەماڵەی خوێندکارانی سەقز لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە نزیک شوێنی جێگیربوونی هێزە چەکدارەکان

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ژمارەیەک لە بنەماڵەی خوێندکارانی پۆلی دوازدەهەم لە شاری سەقز، نیگەرانیی خۆیان بەرانبەر بە دیاریکردنی قوتابخانەی «وەستا شێرزادی»، هەڵکەوتوو لە گەڕەکی زانکۆ (شارەک زانستگا) و لە تەنیشت بەستەنی نیعمەت، وەک یەکێک لە ناوەندەکانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە کۆتایییەکان (نهایی) دەربڕیوە.
لەسەر بنەمای زانیارییەکانی هانا، لە پاشهاتی ڕووخانی بینای یەکێک لە کلانتەرییەکانی سەقز لە کاتی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی ئەمدوایییەدا، بەشێک لە هێزە ئینتیزامییەکان بۆ ناو بینای ئەم ناوەندە پەروەردەیییە یان دەوروبەری گواستراونەتەوە. سەرەڕای ڕاپۆرتەکان دەربارەی جێگیربوونی ئەم هێزانە، ئیدارەی پەروەردەی سەقز ئەم قوتابخانەیەی وەک شوێنی تاقیکردنەوەی خوێندکاران دیاری کردووە.
بنەماڵەکان دەڵێن ئامادەبوونی هێزە چەکدارەکان و کەرەستە ئینتیزامییەکان لە نێو یان لە تەنیشت ناوەندی تاقیکردنەوە، جگە لە دروستکردنی دڵەڕاوکێ، گوشاری دەروونی و تێکدانی تەرکیزی خوێندکاران، لە ئەگەری سەرهەڵدانەوە یان توندبوونی گرژییە سەربازییەکاندا، دەکرێت گیانی خوێندکاران لەگەڵ مەترسیی جیدی ڕووبەڕوو بکاتەوە. ئەوان داوای گواستنەوەی دەستبەجێی ناوەندی تاقیکردنەوەکە بۆ شوێنێکی ئارام، مەدەنی و دوور لە جێگیربوونی هێز و کەرەستە سەربازی و ئینتیزامییەکان دەکەن.
قوتابخانەکان و ناوەندە پەروەردەیییەکان لە بنەڕەتدا خاوەن ماهییەتێکی مەدەنین و نابێت بە جۆرێک بەکار بهێندرێن کە خوێندکاران، ستافی پەروەردەیی و بنەماڵەکان بخەنە بەر مەترسییە پێشبینیکراوەکان. ئەگەر دۆخی ئێستا لە ڕووی یاسایییەوە بکەوێتە خانەی ململانێ چەکدارییەکان، لایەنە بەشدارەکان ئەرکدارن بنەمای جیاکاری لە نێوان ئامانجە سەربازییەکان و کەس و شوێنە مەدەنییەکان ڕەچاو بکەن و تەواوی ڕێکارە وریایییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی سەر مەدەنییەکان بگرنە بەر. هەروەها دەبێت تا دەکرێت لە جێگیرکردنی هێز و کەرەستەی سەربازی لە ناوچە پڕحەشیمەتەکان و ناوەندە پەروەردەیییەکاندا خۆ بپارێزرێت.
بەدەر لەوەی دۆخی تێکهەڵچوونەکانی ئەمدوایییە چۆن پێناسە دەکرێت، ناوەندە حکوومییەکان بەپێی پابەندبوونە مافی مرۆیییەکانیان ئەرکدارن پارێزگاری لە مافی ژیان، ئاسایشی جەستەیی و دەروونی و مافی خوێندنی منداڵان بکەن. ئەسڵی «بەرژەوەندییە باڵاکانی منداڵ»یش پێویستی بەوەیە کە لە تەواوی بڕیارە کارگێڕییەکانی پەیوەندیدار بە خوێندکاران، تەندروستی و ئاسایشی ئەوان بخرێتە پێش تێبینییە جێبەجێکارییەکان و ئاسانکارییە کارگێڕییەکان.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دەربارەی هێرش بۆ سەر قوتابخانەیەک لە «میناب»، کە دەگوترێت لە نزیک کۆمەڵگەیەکی سەربازی بووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک خوێندکار و مەدەنی، جارێکی دیکە مەترسییەکانی نزیکیی ناوەندە پەروەردەیییەکان لەگەڵ شوێن و دامەزراوە سەربازییەکانی زەق کردەوە. هانا جەخت دەکاتەوە کە وردەکاریی ئەو ڕووداوە، لەوانەش ژمارەی قوربانییەکان و بەرپرسیارێتیی لایەنەکان، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و کاریگەر هەیە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی جیدی بەرانبەر بەو دۆخەی لە سەقز ڕاپۆرت کراوە، داوا لە وەزارەتی پەروەردە، ئیدارەی گشتیی پەروەردەی پارێزگای کوردستان، فەرمانداریی سەقز و ناوەندە بەرپرسەکانی دیکە دەکات، پێش بەڕێوەچوونی هەر جۆرە تاقیکردنەوەیەک، هەڵسەنگاندنێکی خێرا، پسپۆڕانە و بەبەڵگەکراو بۆ مەترسییە ئەمنییەکانی ئەو شوێنە بکەن.
لە ئەگەری ئامادەییی هێز یان کەرەستەی سەربازی و ئینتیزامی لە قوتابخانەکە یان دەوروبەریدا، ناوەندی تاقیکردنەوە دەبێت بەبێ دواکەوتن بۆ شوێنێکی ئارام و تەواو مەدەنی بگوازرێتەوە. بەردەوامیی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بەبێ لابردنی مەترسییە ئەگەرییەکان، دەکرێت وەک کەمتەرخەمی بەرانبەر بە مەترسییە پێشبینیکراوەکان و پێشێلکردنی ئەرکی ناوەندە بەرپرسەکان لە پاراستنی گیان و ئاسایشی منداڵان هەژمار بکرێت.
هانا جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی گیان، تەندروستیی دەروونی و ئاسایشی خوێندکاران دەبێت لە پێش هەموو جۆرە تێبینییەکی کارگێڕی و جێبەجێکارییەوە بێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین