بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤٥ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی فەریدە کتابی میاندوئاب، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٠ ساڵی خەڵکی ورمێ، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و ڕەوتی دۆسیەکەی لەبەردەستدا نییە.
خانم کتابی میاندوئاب، ئێوارەی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سارە سدیقی، کچی ناوبراو و یەکێک لە چالاکانی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینە (LGBT)، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هانا ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە حوکمێکی دادوەری چوونەتە ناو ماڵی دایکی و بە توندوتیژییەوە دەستبەسەریان کردووە.
بە وتەی خانم سدیقی، دایکی نەخۆشیی شەکرەی (دیابێت) هەیە و بێبەشکردنی لە دەرمان و چاودێریی پزیشکی دەکرێت سلامت و گیانی بخاتە مەترسییەکی جددییەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە دایکی لەم ماوەیەدا لە مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕەسی بە پارێزەر بێبەش کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بەردەوامیی بێسەروشوێنی و نەبوونی زانیاری لەسەر شوێنی ڕاگرتنی فەریدە کتابی میاندوئاب بە نموونەی دەستبەسەرکردنی خۆسەرانە و “ونکردنی زۆرەملێی کورتخایەن” دەزانێت و نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە سەلامەتی و ئاسایشی ئەو دەربڕیوە.
هانا داوای ڕاگەیاندنی دەستبەجێی شوێنی ڕاگرتنی، دابینکردنی دەرمان و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ڕەخساندنی دەرفەتی پەیوەندی و چاوپێککەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، دەستڕەسی بە پارێزەری سەربەخۆ و ڕەچاوکردنی تەواوی مافە یاسایی و مرۆییەکانی دەکات.
