بڕیاری دەگمەنی دادگایەک لە ڕەتکردنەوەی بەتاوانناساندنی بەکارهێنانی فیلتەرشکێن لە تاران

بەپێی ئەو دادنامەیەی کە هانا پێداچوونەوەی بۆ کردووە، یەکێک لە لقەکانی دادگای کەیفەریی دووی تاران لە بڕیارێکدا لە ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، کەسێکی کە بەهۆی رێکلام و فرۆشتنی فیلتەرشکێنەوە ڕاوەدووی یاسایی کرابوو، لە تۆمەتی «دابینکردنی دەستڕاگەیشتنی ناڕەوا» بێتاوان کردووە.

ئەم دۆسیەیە دوای چاودێریکردنی لاپەڕەیەکی ئینستاگرام و ڕاپۆرتکردن دەربارەی پڕوپاگەندە و فرۆشتنی VPN دروست ببوو. دادسەرا فرۆشتنی فیلتەرشکێنی بە نموونەی دابینکردنی ئامرازی «دەستڕاگەیشتنی ناڕەوا» زانیبوو و تۆمەتبارەکەی لەسەر ئەو بنەمایە ڕاوەدووی یاسایی کردبوو.

دادگا ئەم پاساوەی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە تێپەڕبوون لە فیلتەرینگ بۆ دەستڕاگەیشتن بە ناوەڕۆکێک کە بڵاوکەرەوەکەی خۆی خستوویەتییە بەردەستی گشتی، بە واتای دەستڕاگەیشتنی ناڕەوا بۆ داتا یان سیستەمێکی کۆمپیوتەریی پارێزراو نییە. لەسەر ئەم بنەمایە، تەنیا فرۆشتن یان بەکارهێنانی فیلتەرشکێن ناتوانێت بەبێ هەبوونی دەقێکی ڕاشکاوی یاسایی بە تاوان هەژمار بکرێت.

خاڵی گرنگی بڕیارەکە، جەختکردنەوەی ڕاستەوخۆی دادگایە لەسەر ئەسڵی یاساییبوونی تاوان و سزا و بنەمای بێتاوانی. دادوەر ڕوونی کردووەتەوە کە تەنیا بە نادروست یان نەخوازراو ناساندنی ڕەفتارێک بەس نییە بۆ ئەوەی وەک تاوان بناسرێت و دادگا ناتوانێت مەودای ناونیشانێکی سزایی لەوەی کە یاسا پێشبینی کردووە زیاتر پەرە پێ بدات.

لە ڕوانگەی هاناوە، گرنگیی ئەم حوکمە زیاتر لەوەدایە کە دادگا ڕووبەڕووی لێکدانەوەی بەرفراوانی یاسا سزایییەکان بووەتەوە. لە بارودۆخێکدا کە سنووردارکردنی ئینتەرنێت و ڕاوەدوونانی بەکارهێنەرانی فەزای مەجازی بووەتە یەکێک لە ئامرازەکانی کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتییان، پشتبەستنی دادگایەک بە بنەمای بێتاوانی و خۆپاراستن لە تاوان‌دروستکردن لە دەرەوەی دەقی یاسا، بڕیارێکی کەم‌وێنەیە.

بەڵام، ئەم حوکمە تەنیا حاڵەتێکی تاکەکەسییە و دەکرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و ناتوانرێت وەک نیشانەی گۆڕانی شێوازی گشتیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی سەیر بکرێت؛ گرنگییەکەی ڕێک لە ناوازەبوونی حوکمەکەدایە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین