بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئاڵمان، دادگایی دوو کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها ناساندنی ئامانجگەلی یەهودیی و لایەنگرانی ئیسرائیل لە ئاڵمان، ڕۆژی هەینی ٢٦ی ژوونی ٢٠٢٦ لە دادگای باڵای هەرێمی هامبۆرگ دەستی پێکرد.
داواکاری گشتی فیدراڵی ئالمان ئەم دوو کەسەی بە چاڵاکیی هەواڵگری بۆ تاران و بەشداریکردن لە ناساندنی چەند شوێنیک کە ئەگەری هێرشە توندئاژۆیانە بۆ سەریان هەبووە تۆمەتبار کردووە. بە وتەی داواکاری گشتی، گومانی سەرەکی لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و بە تایبەتی هێزی قودس، وەک لایەنی داواکاری ئەم کردارانە هەیە .
بەپێی بەڵگەی تومەت لەلاین دادگاوە ، یەکێک لە تۆمەتباران، هاووڵاتییەکی ٥٤ ساڵەی دانمارکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئەفغانستان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ ئەرکی پێ سپێردرابوو زانیاری لەسەر ژمارەیەک لە کەسایەتییە یەهودییەکان و لایەنگرانی ئیسرائیل لە ئاڵمان کۆبکاتەوە. لە نێوان ئامانجگەلی باسکراو ، ناوی یۆزێف شوستەر، سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوەندی یەهودییەکانی ئاڵمان، و فۆڵکەر بێک، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاڵمان و ئیسرائیل، هاتووە.
میدیای ئاڵمانی هەروەها ڕاپۆرتیان داوە کە تۆمەتباری سەرەکی بە ناساندنی دوو فرۆشگای خواردەمەنی کۆشەر لە بەرلین و هەڵسەنگاندنی ئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆ سەریان تۆمەتبار کراوە. تۆمەتەکان لە دژی ناوبراو بریتین لە چاڵاکیی هەواڵگری بۆ دەوڵەتێکی بیانی، چاڵاکی بە مەبەستی تێکدەرانە، و هەوڵدان بۆ بەشداریکردن لە تاوانە گەورەکان، وەک کوشتن و ئاگردانی بە ئەنقەست.
تۆمەتباری دووەم، پیاوێکی ٤٢ ساڵە، بە هاوکاری لەگەڵ تۆمەتباری سەرەکی و بەشداریکردن لە پلاندانانی ئەگەریی هێرش تۆمەتبار کراوە. هەردوو تۆمەتبارەکە لە دانمارک دەستبەسەر کراون و پاشان گواستراونەتەوە بۆ ئاڵمان. لە یەکەم دانیشتنی دادگا، تۆمەتباران لە وەڵامدانەوە بە تۆمەتەکان خۆیان پاراست.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ناسینەوە و دەستبەسەرکردنی تۆمەتباران بە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان ئەنجام دراوە. هەندێک سەرچاوەی ئاڵمانی ئاماژەیان بە هاوکاریی هەواڵگریی نێودەوڵەتی و ئەگەری ڕۆڵی موساد لە بەردەستخستنی زانیارییە سەرەتاییەکان کردووە. کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی لەسەر ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی ئەگەری تۆڕە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئامانجگرتنی تاکەکان و گرووپە مەدەنی، ئاینی یان سیاسییەکان لە ئۆرووپا دەردەبڕێت. هانا جەخت دەکاتەوە کە هەر کردارێک لە دەرەوی سنوور بە مەبەستی هەڕەشەکردن، شوێنکەوتن، ترساندن یان ئامادەکردنی هەل بۆ توندوتیژی دژی تاکەکان، پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ، ئاسایشی کەسی و سەروەریی یاسایە
