هانا: بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٩ی خرمانانی ١٤٠١ سزای لە سێدارەدانی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی محەممەد حەسەن کەهراری تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی کرماشان و مورتەزا تەیمووری تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “گرمی” لە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ئەراک بێ ئاگادار کردنەوەی پارێزەر و بنەماڵەکەیان بەڕێوەچووە.
بەپێی ئەم راپۆرتە محەممەد حەسەن کەهراری و مورتەزا تەیمووری بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون و لەلایەن دەزگای داد و قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
شایانی باسە محەممەد حەسەن کەهراری ماوەی دوو ساڵ لەوە پێش بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم شارۆمەندە لە راگەیەنەرەکانی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.