هانا: رۆژی سێشەممە ٢٢ی خرمانانی ١٤٠١، کچێکی کورد بە ناوی مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سنە لەلایەن هێزەکانی “گەشتی ئیڕشاد” لە شاڕێی حەقانی دەستبەسەر کراوە و لە یەکێک لە گرتووخانەکانی “پۆلیسی ئەمنییەت ئەخلاقی” لە شەقامی “وزەرا”ی تاران بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
شایانی باسە تەنیا دوو کاتژمێر دوای گرتنی مەهسا ئەمینی، پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرێ رایانگەیاندووە هاوکات سەکتەی مێشک و دڵ لێیداوە و هۆکاری مەرگی ئەم شارۆمەندە کوردەیان سەکتەی مێشک راگەیاندووە.
جێگای ئاماژەیە مەهسا ئەمینی لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت و گەڕان سەردانی تارانیان کردبوو.
شایانی باسە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی رێگەیان نەدابوو بنەماڵەکەی فیلم هەڵگرن بەڵام سەروچاو و لاقی مەهسا ئەمینی شین و مۆر بووەتەوە.
بەپێی بەندەکانی ٣، ٥ و ٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، دەستبەسەر کردنی سەرەڕۆیانەی مەهسا ئەمینی پێشێل کردنی ئەشکرای مافەکانی مرۆڤە و بەپرسایەتی گیان و ژیانی دەکەوێتە ئەستۆی بەپرسانی پۆلیس و گرتووخانە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.