سەقز: ژنێک بە دەستی مێردەکەی کوژرا 

هانا: لە رۆژانی رابردوودا ژنێکی کورد خەڵکی سەقز لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "گوڵاڵە شێخی" خەڵکی سەقز راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون "گوڵاڵە شێخی" کارمەندی یەکێک لە ناوەندەکانی شووڕای چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بووە و لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە. ناوی مێردەکەی "کیومەرس زەرغامی" و کارمەندی یەکێک لە بانکەکانی سەر بە سپا بووە. 
شایانی باسە "کیومەرس زەرغامی" دوای کوشتنی هاوسەرەکەی هەڵاتووە بۆ تاران و لەوێوەش هەڵاتووە بۆ ئاستارا. دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژ لەم رووداوە بنەماڵەی "گوڵاڵە شێخی" ئاگادار دەکا و لەلایەن مەئموورانی ئەمنییەتییەوە لە ئاستارا دەستبەسەر دەکرێ. 
تەرمی "گوڵاڵە شێخی" لە نزیک ئاواییەکانی "ئیرانخواە" و "سوننەتە" دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی قانوونی سەقز کراوە. 
تا ئێستا هۆکاری ئەم قەتڵە بۆ رێکخراوەی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 

جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەم راستیەی بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی بەڕێوەبەردنی کۆمەڵگادا هەیە. 
 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular