خۆکوژیی ژنان لە ئێران؛ مردن لە ژێر سێبەری جیاکاری ڕەگەزی، هەژاری و توندوتیژیی حکومەتدا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی جدی خۆی سەبارەت بە زیادبوونی هەواڵ و ئامارەکانی خۆکوژیی ژنان لە ئێران، بە تایبەتی لە ناوچە هەژارەکان، پەراوایزخراوەکان و ئێتنیکیەکان دەردەبڕێ . ئەم دیاردەیە ناتوانرێت تەنیا وەک قەیرانێکی تاکەکەسی یان دۆخێکی دەروونیی تاک سەیر بکرێت. لە زۆر حاڵەتدا، خۆکوژیی ژنان دوا ئەڵقەی زنجیرەیەکە لە توندوتیژیی بنەماڵەیی، جیاکاری ڕەگەزی، هەژاری، هاوسەرگیریی لە تەمنی کەم یان بە زۆر، دەرکردن لە کۆمەڵگا، پەیوەستبوونی ئابووری و نەبوونی یاسایی کاریگەر.

لە ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنانەوە، خۆکوژیی ژنان لە کۆمەڵگایەکدا کە یاسا، بنەماڵە، نەریت و دامەزراوەکانی حکومەت بە هاوکاری یەکتر ژیان، جەستە و ئیرادەی ژنان کۆنترۆڵ دەکەن، کێشەیەکی قووڵی یاسایی و سیاسییە. زاڵبوونی بیری پیاوسالاری، چ لە ناو خێزان و چ لە سیستەمی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا، ژنان لە بارودۆخێکدا دادەنێت کە توندوتیژی بەرانبەریان ئاسایی دەبێت و دەستگەیشتنیان بە ئەمنیەت، دادپەروەری و پاڵپشتیی ڕاستەقینە سنووردار دەبێت.

مافی ژیان، بەپێی ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، تەنیا بە مانای خۆپاراستنی دەوڵەت لە گرتنی ڕاستەوخۆی ژیان نییە. دەوڵەتەکان ئەرکیانە ڕێگری لەو بارودۆخانە بکەن کە ژیان، تەندروستی و کرامەتی مرۆڤیی هاوڵاتیان دەخەنە مەترسیەوە. هەروەها مادەی ١٢ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، مافی بەهرەمەندبوون لە بەرزترین ئاستی گونجاوی تەندروستیی جەستەیی و دەروونی بە فەرمی دەزانێت. کاتێک ژنانی قوربانیی توندوتیژی لە پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاریی تەندروستیی دەروونی، ئاسایشی ئابووری و دادوەریی کاریگەر بێبەش دەبن، نیشانەی سەرکەوتوو نەبوونی دەوڵەتە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی مافی مرۆڤیی خۆی .

لە ئێراندا، یاسا و شێوازی هەڵسوکەوتی جیاکارانە لە بوارەکانی خێزان، هاوسەرگیری، تەڵاق، سەرپەرشتی منداڵ، میرات، کار، جلوبەرگ و کۆنترۆڵکردنی جەستەی ژنان، توندوتیژیی بنەڕەتی دووبارە بەرهەم دەهێنن. لەو سیستەمەدا، ژنێک کە لە بەرامبەر توندوتیژیی خێزانی پارێزراو نییە، لە بەرامبەر هاوسەرگیریی بە زۆر بێپەنا دەمێنێتەوە، یان لە دەستگەیشتن بە تەڵاق، سەرپەرشتی منداڵ و سەربەخۆیی ئابووری تووشی جیاکاری دەبێت، تەنها لەگەڵ قەیرانێکی تاکەسی ڕووبەڕوو نییە؛ بەڵکوو لە بەرامبەر سیستەمێک وەستاوەتەوە کە کرامەت و هەبوونی ئەوی بە فەرمی نەناسیووە.

ئەم بارودۆخە لە ساڵانی دواییدا، لەگەڵ قەیرانی ئابووری، پەرەسەندنی هەژاری، بەرزبوونەوەی دۆخی جەنگی و زیادبوونی توندوتیژیی حکومەت دژی خەڵک، ڕەهەندێکی نیگەرانکەرتری وەرگرتووە، لەو بارودۆخانەدا، مافەکانی ژنان زیاتر لە پێشوو پەراوێز دەخرێن. کەمبوونەوەی ئاسایشی ژیان، زیادبوونی گوشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و بێتفاوتیی حکومەت بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان، ئەوان لە بەرامبەر مەترسیی زیاتر و ئەگەری دووبارەبوونەوە دادەنێت.
لە ناوچە هەژار و ئێتنیکیەکان، لەوانە کوردستان، ئەم قەیرانە لەگەڵ جیاکاریی دووبەرانبەر ، هەژاریی بنەڕەتی و ئەمنییەتی‌کردنی کۆمەڵگا گرێ دەخوات.

هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە یاساناسان و توێژەرانی فێمینیست، سیستەمی یاساییی کۆماری ئیسلامییان بەهۆی بە سیستمکردنی پەراوێزخستن دژی ژنانەوە، وەک نموونەیەک لە ئاپارتایدی ڕەگەزی پێناسە کردووە. ئەم پێناسەیە تەنها دەربڕینێکی سیاسی نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بە سیستەمێک کە تێیدا ژنان بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە یەکسانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی بێبەش دەکرێن و هەر ئەم بێبەشکردنەش رێگەخۆشکەری توندوتیژی، کەم بایەخی و زیانی گەورە لە دژیان دەبێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا زیادبوونی خۆکوژیی ژنان لە ئێران بە نیشانەیەکی جدیی شکست هێنانی سیستەمی یاسایی و سیاسی لە دابینکردنی مافی ژیان، تەندروستی، کرامەتی مرۆڤی و ژیانێکی بەدور لە توندوتیژی دەزانێت. هانا بە توندی ئەو یاسا، سیاسەت و شێوازانە محکوم دەکات کە جیاکاریی ڕەگەزی، زاڵبوونی پیاوسالاری، توندوتیژیی بنەڕەتی و پەراوێزخستنی ژنان دووبارە بەرهەم دەهێنن. هەر ژنێک کە لە ئاکامی توندوتیژی، هەژاری، جیاکاری، نادادپەروەری و نەبوونی پاڵپشتیی کاریگەر ژیانی خۆی لەدەست دەدات، تەنها قوربانیی تراژیدیایەکی تاکەسی نییە؛ بەڵکوو شایەتێکە بۆ قەیرانێکی قووڵی حوکمڕانی کە کرامەت و ژیانی ژنان بەئەرکی سەرەکی خۆی نازانێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین