ئازادی کاتی عابد عەلیزادە بە دانانی بارمتە دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەری

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتووە، عابد عەلیزادە، چالاکی میدیایی خەڵکی تیکاب، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، دوای ٢٥ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بامتەی دوو ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی میاندواو ئازاد کراوە.

ئەم چالاکی میدیاییە لە ماوەی دەستبەسەریدا ١٣ ڕۆژ لە گرتووخانەکانی سوپای پاسداران لە ورمێ و ١٢ ڕۆژ لە بەندیخانەی میاندواو بووە. بۆ ئازاد کردنی کاتی ئەو سەرەتا بارمتەی چوار ملیارد تمەنی دیاری کراوە کە دواتر بۆ دوو ملیارد تمەن کەم کراوەتەوە و بە دیاری کردن و دانانی ئەو بڕە، ئازاد کراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، عابد عەلیزادە لە ماوەی دەستبەسەریدا ئەشکەنجە دراوە. وردەکاری زیاتر لە سەر ئەو زیانانەی لە ئەنجامی ئەشکەنجە کردن بەر ئەو کەوتووە لە بەردەستدا نیە و هانا تا ئێستا ناتوانێت بە شێوەی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم ئیدیعایە بکات.

عابد عەلیزادە لە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو. ئەو لە ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە. تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە سەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەم شارۆمەندە و بارودۆخی دۆسیەکەی هیچ زانیارییەک بڵاو نەکراوەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین