ڕاپۆرتی مانگانەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران تایبەت بە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠٢٦

پێشەکی

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦ لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە. داتا و زانیارییەکانی نێو ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان، گفتوگۆ لەگەڵ قوربانیانی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و بنەماڵەکانیان، هەروەها پێداچوونەوە بە بەڵگەنامەکان و سەرچاوە ئاگادارەکان کۆکراونەتەوە و پاشان لەلایەن سەرچاوە سەربەخۆکانەوە ڕاستی‌ ئازمایی کراون. ئەگەرچی دەستڕاگەیشتن بە ئامار و زانیاری لە ئێراندا زۆر ئەستەمە، بەڵام هانا تەواوی هەوڵی خۆی داوە کە زانیارییە کۆکراوەکان ورد و دروست بن. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەم ڕاپۆرتە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە دروستی و بڕواپێکراویی زانیارییەکانیان دڵنیا بووەتەوە.

دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە

لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦دا، ناوەندی ئاماری هانا ٧٧ حاڵەتی دەستبەسەرکردنی نایاسایی و سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کوردی لە شار و ئاواییە جیاجیاکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تۆمار کردووە. لە نێوان ٧٧ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو، ١١ کەسیان ژن بوون و منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵیش لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندایە. سێ کەس لە دەستبەسەرکراوەکان، لەوانەش دوو ژن، سزای ٧٤ قامچیان بەسەردا سەپاوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە. بۆ هەشت کەس لە دەستبەسەرکراوەکان سەرجەم سزای ٢٣ ساڵ بەندکران دەرچووە و بۆ کەسێکیش سزای سێدارە دەرچووە.
ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە: هاوکاری و ئەندامێتی لە حیزبە کوردستانییەکانی نەیاری کۆماری ئیسلامی، چالاکییە مەدەنییەکان، چالاکیی میدیایی و بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. بەپێی داتاکانی هانا، لە کۆی ٧٧ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو، ٣٩ کەس لە پارێزگای کوردستان، ٣٣ کەس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا (ورمێ) و ٥ کەسیش لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراون.

مافی ژیان و سزای سێدارە

لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦دا، لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانە جیاجیاکانی ئێراندا لەسێدارە دراون. لە نێوانیاندا: دوو کەس بە تۆمەتی موحارەبە و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، کەسێک بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر، دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و دوو کەسیش بە تۆمەتی دزیی چەکدارانە، لەسێدارە دراون.
شایانی باسە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا، لانیکەم ٦٢ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون. لەم مانگەدا سێ بەندکراویش لە ناو زیندانەکاندا گیانیان لەدەست داوە؛ یەکێکیان بەهۆی دواکەوتنی گەیشتنی دەرمان، بەندکراوێک لە زیندانی ئیلام خۆی کوشتووە و بەندکراوێکی تریش لە زیندانی قزڵحسار بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.

مافی ژیان و ئاسایشی مرۆیی لە ناوچە سنوورییەکان و شوێنی کاردا

بەشێک لە پێشێلکارییە تۆمارکراوەکانی نێو ئەم ڕاپۆرتە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مافی ژیان و ئاسایشی مرۆیی لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانەوە هەیە. مەرگ و برینداربوونی کۆڵبەران و گیانلەدەستدانی کرێکاران لە شوێنی نەپارێزدا نیشاندەری ئەوەن کە مافی ژیان تەنیا لە دادگا و زیندانەکاندا لەژێر هەڕەشەدا نییە، بەڵکوو لە سنوور و شوێنی کار و ڕێڕەوەکانی دابینکردنی بژێویشدا مەترسیی لەسەرە.

لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦دا، هانا گیانلەدەستدانی لانیکەم ٥ کۆڵبەر و برینداربوونی ٣ کۆڵبەری تری تۆمار کردووە. بەپێی داتا ڕاستی‌ئازماییکراوەکان، ئەم حاڵەتانە زۆرتر لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕوویان داوە. هەژاری، بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کاری بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکان، زۆرێک لە هاووڵاتییانی بەرەو کاری مەترسیداری کۆڵبەری پاڵ پێوە ناوە.
هەروەها، گیانلەدەستدانی لانیکەم ٢ کرێکار لەم مانگەدا بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار، نیشاندەری لاوازیی چاودێری و جێبەجێنەکردنی ستانداردە ئیمەنییەکانە. ئەم مردنانە تەنیا ڕووداوی تاکەکەسی نین، بەڵکوو نیشانەی ناتەواویی بونیادیین لە پاراستنی مافی کار و کەرامەتی مرۆیی کرێکاران.

خۆکوژی و مافی سوودمەندبوون لە تەندروستیی دەروونی

لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٦دا، هانا لانیکەم ١٢ حاڵەتی خۆکوژی لە کوردستان تۆمار کردووە. لە نێو خۆکوژییەکاندا کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ، سەربازێک و زیندانییەک بوونیان هەیە. لێکۆڵینەوەکانی هانا نیشانی دەدەن کە هەژاری، کێشەی بژێوی ژیان، گوشارە دەروونییەکان و زیانە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە کاریگەرەکان بوون لەم حاڵەتانەدا.

خۆکوژی ناتوانرێت تەنیا وەک بڕیارێکی تاکەکەسی شی بکرێتەوە؛ ئەم دیاردەیە لە زۆر حاڵەتدا لەگەڵ هەژاری، توندوتیژیی خێزانی و بێبەشبوون لە پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان و دەستڕاگەیشتنی سنووردار بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا پەیوەندیی هەیە.

ژنکوژی و قەتڵی نامووسی

                                                                                                                                                                                            لە مانگی ئاگۆستدا، توندوتیژیی خێزانی، بەتایبەت توندوتیژی دژی ژنان، بەردەوام بووە و ٤ ژن، لەوانەش کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ بە دەستی باوکی، کوژراوە.                                                                                                                                                                                                      تەواوی ئەم کوشتنانە لەلایەن هاوسەر، ئەندامانی بنەماڵە یان کەسانی نزیک لە قوربانییەکانەوە ئەنجام دراون.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژنان لە کەمترین مافە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەهرەمەندن و هیچ جۆرە پاڵپشتییەکی یاسایی لە بەرانبەر توندوتیژییە خێزانییەکاندا نییە، ژنان یەکەم قوربانیی ئەم سیستەمەن.

هەڵسەنگاندنی گشتیی دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان – ئاگۆستی ٢٠٢٦

پێداچوونەوە بە داتاکانی ئەم مانگەدا نیشانی دەدات کە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستان هێشتا نالەبار و ناجێگیرە. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکاندا دەستبەسەر کراون. ئەم دەستبەسەرکردنانە زۆرتر بە شێوەیەکی بەرفراوان و بەبێ دابینکردنی ماف و پاراستنە یاساییە بنەڕەتییەکانی دادگاییی دادپەروەرانە ئەنجام دراون.کوشتنی کۆڵبەران و تەقە نایاسایییەکان بەردەوامن و گیانی مرۆڤە بێتاوانەکان دەستێنن. ژنکوژی و قەتڵی نامووسی بەردەوامە. هەژاری، کێشەی بژێوی ژیان و بێ‌ هیوایی، بوونەتە هۆی زۆربوونی خۆکوژی لە کوردستاندا. کۆی ئەم ڕووداوانە نیشاندەری توندبوونەوەی جیدیی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پێویستیی وەڵامدەرەوەبوونی خێرای ئەنجامدەران و بڕیاردەرانی ئەم کردەوانەیە لەسەر بنەمای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ سوودوەرگرتن لەم ئامارانە بە مەرجی ئاماژەدان بە سەرچاوەکە ڕێگەپێدراوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین