بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، لە ماوەی ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، ١ و ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، چوار هاووڵاتیی بە ناوەکانی ئەمین ناسری، ڕووحوڵڵا غوڵامی، یاسر هەواسیزادە و یوونس بەکری لە شاری چەرداوڵ دەستبەسەر کران.
ئەمین ناسری، هونەرمەندی تەمەن ٢٧ ساڵی خەڵکی ئاسمانئاوا، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ و لە قاچ و کەمەریدا برینی بەرکەوتووە.
ڕووحوڵڵا غوڵامی لە شوێنی کارەکەی، بەبێ نواندنی حوکمی دادگا و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی دەستبەسەر کراوە. ڕۆژێک دواتر، هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنیه وه، یاسر هەواسیزادەیان لە ناوچەی پیرحەمزە، به بەکارهێنانی توندوتیژی، دەستبەسەر کرد.
یوونس بەکری، هاووڵاتیی خەڵکی سەراوڵە، هەمان شەو لە کاتی کڕینی پێداویستی و بەبێ نواندنی حوکمی دادگا دەستبەسەر کرا.
تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، تۆمەتە ئەگەرییەکان و دەستڕاگەیشتنی ئەم کەسانە بە پارێزەر و بنەماڵە لەبەردەستدا نییە. باری جەستەییی ئەمین ناسری و ئاستی دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزاریی پزیشکی نادیارە و ئەمەش نیگەرانییەکانی لەسەر ژیانی ناوبراو زیاد کردووە.
هانا دەستبەسەرکردنی توندوتیژانە و هەڕەمەکیی ئەم هاووڵاتییانە شەرمەزار دەکات و بەرپرسیارێتیی پاراستنی گیان و تەندروستیی ئەوان ڕاستەوخۆ دەخاتە ئەستۆی ناوەندە ئەمنی و قزایییەکانی کۆماری ئیسلامی.
