جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی کاوە رفوشە لە بەندیخانەی ناوەندی سنە

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بەرەبەیانی سێشەممە ٢٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سزای سێدارەی کاوە رفوشە، زیندانییەکی ٣٥ ساڵەی خەڵکی سنە، لە زیندانی ناوەندی ئەم شارە جێبەجێ کرا.

ناوبراو بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» لەلایەن دادگای تاوانی سنەوە بە سێدارە سزا درابوو.

کاوە ڕفوشە سێ ساڵ لەمەوبەر، لە ئاکامی شەڕێکی شەقامی کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک، خۆی بە پۆلیس ناساند و دەستبەسەر کرا. دوو ڕۆژ پێش جێبەجێکردنی سزای سێدارە، گواسترابووە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی سنە.

بەپێی زانیارییەکان، بەرەبەیانی ڕۆژی جێبەجێکردنی سزاکەی، ژمارەیەک لە هاووڵاتیان و چالاکانی مەدەنی سنە لەبەردەم زیندانەکە کۆبوونەوە و بە دروشمی «نا بۆ سێدارە»، هەوڵیان دا بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی سزاکەی و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی کەسوکاری کوژراوەکە؛ بەڵام ئەم هەوڵانە لە کۆتاییدا نەبوونە هۆی ڕاگرتنی سزای سێدارە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، دەزگا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی کاوە ڕفوشەیان ڕانەگەیاندووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین