یەکێتیی ئەوروپا و ٣٢ وڵات لەسێدارەدانی ناڕازییان لە ئێرانیان بە توندی مەحکوم کرد

نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا لە کاروباری دەرەوە و ٣٢ وڵاتی جیهان، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، لەسێدارەدانی ناڕازیان و بەردەوامیی بەکارهێنانی سزای سێدارەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندی مەحکوم کرد.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە بەکارهێنانی سزای سێدارە بۆ کپکردنی ناڕەزایەتییەکان، دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە نێو کۆمەڵگە و سزادانی ئەو کەسانەی کە مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان پیادە دەکەن، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا پاساوی نییە.

واژۆکەرانی بەیاننامەکە جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت خەڵکی ئێران بتوانن بەبێ ترس لە سزا، لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە سوودمەند بن. یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی واژۆکەر داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە دەستبەجێ جێبەجێکردنی سزای سێدارە ڕابگرێت و تەواوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون، ئازاد بکات.

ئەوان هەروەها داوایان لە بەرپرسانی ئێران کردووە کە گوێ لە دەنگی ئەو خەڵکە بگرن کە خوازیاری گۆڕانکارین و بۆ ڕەچاوکردنی مافەکانی مرۆڤ هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنێن.

ئەم بەیاننامەیە سەرەتا بە پاڵپشتیی ٢٦ وڵات بڵاو کرایەوە، بەڵام دواتر بە پەیوەستبوونی وڵاتانی دیکە، ژمارەی واژۆکەرانی گەیشتە ٣٢ وڵات. کەنەدا، ئوسترالیا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، سوید، نەرویج و نیوزلەندا لە نێو واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیەن.

دەقی تەواوی بەیاننامەکە لە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کەنەدا بڵاو کراوەتەوە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین